رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە رۆژی دووشەممەدا، زیاتر لە 20 هێرش کراوەتە سەر هەولێر و دەوروبەری، بەڵام هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە و زۆربەی درۆنەکانیش تێکشکێنراون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممەی رابردوو، زیاتر لە 20 هێرش بە درۆن کراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر، کە جگە لە ناوەندی هەولێر، خەلیفان و کۆیەش کرابوونە ئامانج.
زۆربەی درۆنەکان لە لای رۆژئاواوە داخیلی ئاسمانی هەولێر بوون، بەو پێیەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کۆنسووڵخانەی ئەمریکا دەکەونە رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای هەولێرەوە و تاوەکو ئێستا ئامانجی هێرشەکانیش لە ناوەندی هەولێر ئەو دوو شوێنە بوون.
مقاومەی ئیسلامی: لە 24 کاژێردا 21 هێرشمان کردووە
مقاومەی ئیسلامیی لە عێراق، گرووپگەلێکی چەکداری شیعە مەزهەبی عێراقین و لە ئێرانەوە نزیکن، زۆربەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان، ئەوان لە ئەستۆی دەگرن.
ئەمڕۆ سێشەممە، مقاومەی ئیسلامی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "موجاهیدانی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 21 ئۆپەراسیۆنیان بە دەیان درۆن و مووشەک بۆ سەر بنکەکانی داگیرکەران [ئەمریکا و ئیسرائیل] لە عێراق و ناوچەکە ئەنجام دا."
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیامنێری رووداو، چەند درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانە، گوندی گەزنە، کۆیە و خەلیفان تێکشکێنراون.
هێرشەکەی کۆیە
هێرشەکە کاژێر 13:15 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە 16-03-2026 کراوەتە سەر کەمپەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە قەزای کۆیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەمپی ئەمیرییەی حدکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشەکە بە درۆنێک کراوە و لە نزیک گۆڕستانی شەهیدان (دیموکرات) و فێرگەی کۆنی حیزبەکە کەوتووەتە خوارەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو فێرگەیە لەمێژە چۆڵە و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە خەلیفان
لە چیای کۆڕەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران درۆنێک کەوتەخوارەوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.
درۆنەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئادار، لەنزیک چیای کۆڕەک و لە پشت قەزای خەلیفان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە خوارەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "درۆنەکە لە دەوروبەری گوندێکی سنوورەکە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام نزیکی ماڵەکان نەبووە و زیانی گیانی نەبووە".
لە دوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 320 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 30 مووشەک و درۆنیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتوونەتە خوارەوە.
لەکاتی جەنگەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە جارێک تاوەرەکانی پەیوەندی لەسەر چیای کۆڕەک بۆردوومان کراون.
لە 28ی شوباتەوە و لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 315 درۆن و مووشەک کراوەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ