رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی چوارشەممە، لە رێگەی لیژنەی تایبەتەوە چاودێری بینینی مانگ بکرێ بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان لە هەرێمی کوردستان.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی سبەی 29ـی رەمەزان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ کۆدەبێتەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە وردی چاودێری بینینی مانگ دەکرێ بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، "لیژنەکە باڵا و شەرعییە، پشت بە بەڵگەی شەرعی دەبەستێت و بەگوێرەی بەڵگە روونەکان یەکەم رۆژی جەژن دیاری دەکات."
نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، "ئەگەر سبەی مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بینرا، ئەوە بێگومان پێنجشەممە یەکەم رۆژی جەژن دەبێت، نەشبینرا بەهەر هۆکارێک، ئەوە مانگی رەمەزان دەبێتە 30 رۆژ و هەینی یەکەم رۆژی جەژن دەبێت."
ئەم ساڵ 18ی شوبات یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو لە هەرێمی کوردستان. ساڵی رابردوو 1ـی ئادار کرایە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ