دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران لە یەکەم رۆژی جەژندا دادەخرێن؛ هاتووچۆی گەشتیاری کەم دەبێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دا، جموجووڵی بازرگانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ ماوەی 24 کاژێر رادەگیرێت، بەڵام دەروازەکان بەڕووی گەشتیاراندا بە کراوەیی دەمێننەوە. هەروەها هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی کێلێ بە تەواوی راگیراوە.

رۆژی سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، مەریوان کەریم، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی 24 کاژێر هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەکەمان رادەگیرێت، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاران ئاسایی دەبێت و دەروازەکە بەڕووی گەشتیاران بە کراوەیی دەمێنێتەوە."
 
لەبارەی کاتی ئاساییبوونەوەی هاتووچۆ لە دەروازەکە، گوتەبێژی دەروازەی باشماخ گوتی: "لە دووەم رۆژی جەژنەوە بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."
 
مەریوان کەریم، ئاماژەی بە کەمبوونەوەی هاتووچۆی گەشتیاری کرد و هۆکارەکەشی بۆ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گەڕاندەوە.
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە رووداوی گوت: "کاتی دەستپێکردنی راگرتنی جموجووڵە بازرگانییەکان بە تەواوی دیار نییە، بەڵام وەک ساڵانی رابردوو یەکەم رۆژی جەژن دەروازەکە 24 کاژێر بەڕووی هاتووچۆی بازرگانیدا دادەخرێت، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاری ئاسایی دەبێت."
 
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران باسی لەوەش کرد، بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاتووچۆی گەشتیاری لە رۆژانی جەژندا بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەم دەبێتەوە.
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی فەرمیی نێودەوڵەتی هەن کە بریتین لە: باشماخ و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر.
 
دەروازەی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەبەستێتەوە. بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە رووداوی گوت: "لە سەرەتای گرژییەکانەوە، هاتووچۆ لە دەروازەی کێلێ بە تەواوی راگیراوە؛ پێیان گوتووین کە بۆ جەژنیش نایکەنەوە."
 
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی مانگی رابردوو، جگە لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو دەروازەکانی دیکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخست.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە