بەغدا رازیبوو گەنمی جووتیارانی مەخموور وەربگرێت

17-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق رەزامەندیی لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی مەخموور دەربڕی و سایلۆی قەزاکە دەکرێتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەی لە ناوچەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تەواو بووە و سایلۆکان داخراون، کەچی سایلۆی مەخموور تاکە سایلۆیە تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە.
 
کێشەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی قەزای مەخموور نەخراونەتە نێو پلانی کشتوکاڵیی ئەم ساڵی حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای جووتیارانی ناوچەکە دروست کردووە، کە نازانن بەرهەمەکانیان چۆن ساخ بکەنەوە.
 
ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕی گەنمی جووتیارانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی قەزای مەخموور وەربگیرێت".
 
مەخموور لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە؛ سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، گوتی، قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری لقی نەینەوای کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە کردووە، ئەوانیش سبەی ئامادەکارییەکانیان لە سایلۆی مەخموور دەستپێدەکەن لە رووی دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی پێویست و کارمەندەوە، چاوەڕێی ئۆکەی وەزارەتی بازرگانی دەکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ سایلۆی مەخموور بکەنەوە.
 
ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بیانووی ئەوە دەهێنێتەوە، کە ئەو جووتیارانەی پشتیان بە بیری ئاو و سیستمی ئاودێری بەستووە، مۆڵەتەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، نەک لە حکومەتی فیدراڵی، بۆیە لە پلانەکەدا جێیان نەکراوەتەوە. هەروەها زەوییەکانی دیکەش پشتیان بە باران بەستووە و ئەم ساڵیش بارانی پێویست نەبووە.
 
دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەگەڵ عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، پەیوەندییان بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و داوای چارەسەرێکی تایبەتیان بۆ جووتیارانی مەخموور و هەندێک ناوچەی دیکەی ماددەی 140 کردووە، وەکو شێخان، فایدە، دۆمیز و شنگال.
 
گوتیشی: "پارێزگاری نەینەوا بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر وەرگرتنی گەنمی 100 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری مەخموور بدات و دەرگای سایلۆکە بکرێتەوە."
 
سەبارەت بە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەوکات سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتی، "چاوەڕوانین رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە بدات. چاوەڕێ بووین پێش جەژن بڕیارەکە دەربچێت، بەڵام دەرنەچوو و هۆکارەکەشی نازانین."
 
حکومەتی عێراق نرخی کڕینی هەر تۆنێک گەنمی بە 850 هەزار دینار دیاری کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.