گوتەبێژی پارتی: گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتیمان پێباشە

17-08-2021
محەممەد عوسمان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ مەحموود محەممەد
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ مەحموود محەممەد
نیشانەکردن پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی پارتی و یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتییان پێ باشە، ئەگەر هەنگاونان بێت بەرەو لابردنی بەربەستەکانی بەردەم چاکسازی، بەوپێیەی پێشتریش چەندین لایەن گلەییان لەو بەربەستانە هەبووە.
 
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە بێستوون عوسمان کاژێر 22:00 پێشکێشی دەکات، باسی لە گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی و داهاتووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی پارتی لەگەڵ ئەو حیزبە کرد، گوتی، "هێشتا دیار نییە یەکێتی دوای گۆڕانکارییەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی کوردستاندا دەکات و پەیوەندی لەگەڵ ئێمە و لایەنەکانی دیکەدا چۆن دەبێت." گوتیشی، گۆڕانکارییەکانیان پێ باشە، "ئەگەر هەنگاونان بێت بەرەو لابردنی بەربەستەکانی بەردەم چاکسازی."
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆی بێستوون عوسمان و مەحموود محەممەد، تاوتوێی هەڵویستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر پەکەکە کرا. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتنی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەکەکە لە پرۆسەی ئاشتیدا، لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی ساڵی 1992 کراوە، کە لەنێوان یەکێتی و پارتی و پەکەکەدا واژۆکراوە.
 
گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، "بەپێی ئەو رێكکەوتنە گەریلاکان دەتوانن تەنیا لە بارەگا کۆنەکانی یەکێتی لە ناوچەی قەندیل بن، نەک داببەزنە مەخموور و شنگال و ناوچەکانی دیکە."
 
مەحموود محەممەد راشیگەیاند، "ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە بگەڕێنەوە ناوچەی قەندیل و بەپێی رێککەوتنەکە مامەڵە بکەن، ئەوا کێشەمان لەگەڵیاندا نابێت، قسەیەکی دیکەمان لەگەڵ تورکیاشدا دەبێت و پێیان دەڵێین بەپێی رێککەوتن لەوێن."
 
سەبارەت بە چالاکی و مامەڵەکردنی پەکەکە لە سنووری خاکی هەرێمی کوردستان، مەحموود محەممەد ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان میوانن لە هەرێمی کوردستان و خاوەنماڵ نین، "بەڵام ئەوان دان بە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نانێن و خۆیان بە خاوەنماڵ دادەنێن، لەبەرئەوە پێویستە پەکەکە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بگۆڕێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە