لە راپەڕین پێنج گەنج بەتۆمەتی رفاندنی کچێک دەستگیرکران

17-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن پۆلیسی راپەڕین رفاندن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێنج گەنج کە تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 24 ساڵە لەلایەن پۆلیسی راپەڕین بە تۆمەتی رفاندنی کچێک دەستگیرکران.
 
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-8-2023) دەڵێ ئەو پێنج تۆمەتبارە، كە كچێكیان رفاندبوو، لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین و لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك دەستگیركران.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "دوای ئەوەی هاووڵاتییەك ئامادەی بنكەی پۆلیسی راپەڕین بوو و سكاڵای تۆماركرد، كە كچەكەی دیارنەماوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، شوێنی تۆمەتباران دۆزرایەوە و توانرا سەرجەمیان دەستگیربکرێن."
 
کچەکە، دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "بەبڕیاری دادوەر رادەستی كەسوكاری دەكرێتەوە."
 
تۆمەتباران تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 24 ساڵە و پێکهاتوون لەمانە:
 
ژ. أ. أ.  لەدایكبووی 2004
هـ. یـ. حـ. لەدایكبووی 1999
ش. ع. م. لەدایكبووی 2001
ر. ر. أ.  لەدایكبووی 2003
پ. ج. ح. لەدایكبووی 2002
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێ "بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباران راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە."
 
مادەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە رفاندن کە دەڵێ، هەرکەسێک بە بێ فەرمانى دەسەڵاتى تايبەتمەند و جگە لەو حاڵەتانەى لە دەقى ياسا و سيستمەكاندا هاتوون، كەسێكى دەستگیركردبێت، يان دەستبەسەرى كردبێت يان بە هەر رێگە و ئامرازێك بێبەشی كردبێت لە ئازاديیەكەى بە زیندانیکردن سزادەدرێت، بە ماوەیەک کە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.