رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی تورکمان دەڵێ، بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، دەبێ جیا لە شایستەی هەڵبژاردن، شایستەی نەتەوەییش لەبەرچاو بگیرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''پێویستە پێکهاتەکانیش نوێنەریان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەبێت''.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-08-2025، مونا قەهوەچی، پەرلەمانتاری تورکمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هەوڵەکان بۆ دەستپپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی رایگەیاند: ''بەداخەوە پڕۆسەکە زۆر دواکەوتووە و پێویستە لە مانگی ئەیلوولدا پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە و دەستەی سەرۆکایەتیش هەڵبژێردرێ.''
مونا قەهوەچی ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد کە بڕیارە 11-11-2025 بەڕێوەبچێ و گوتی: ''هەڵبژاردنەکە نابێتە بیانوویەک بۆ دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. چەندە زووتر حکومەت پێکبهێنرێ، ئەوەندەش زیاتر متمانە بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە.''
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێندراوە و یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بە کراوەیی ماوەتەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی تورکمان پێیوایە، بە کەمکردنەوەی 11 کورسیی کۆتا بۆ پێنج کورسی، ''نادادپەروەری'' بەرامبەر پێکهاتەکان کراوە، ''بۆیە بۆ قەرەبووکردنەوەی نادادپەروەرییەکە، پێویستە پارتی و یەکێتی بە هەموو شێوەیەک هاوکار بن کە جگە لە شایستەی هەڵبژاردن، شایستەی نەتەوەیی پێکهاتەکانیش لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی دەەرفەتیان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا هەبێت."
مونا قەهوەچی دەڵێت: ''بۆ بەهێزترکردنی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، بە پێویستی دەزانین کە پێکهاتەکانیش نوێنەریان لە سەرۆکایەتیی پەرلەماندا هەبێت''.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسیی بەدەستهێنا. هەروەها یەکگرتوو 7 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و گۆڕانیش 1 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ