سەعدی پیرە: پارتی و یەکێتی یەکدییان قبووڵە

17-08-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە مانگی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. راشیگەیاند، دواخستنی کارەکانی پەرلەمان "نادروستە" و هەردوو لایەنی سەرەکی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات ئاماژەی بەوەدا کە دواکەوتنی کارەکانی پەرلەمان لە کاتێکدا ئەندامانی مووچە وەردەگرن، بارگرانییەکی زۆری لەسەر لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی دروستکردووە. 
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی دروستە و متمانەی خەڵک، دۆستانمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان زیاددەکات، چونکە نیشانی دەدات هەرێمی کوردستان لە چەقبەستووییدا نامێنێتەوە و بەرەو پێکهێنانی حکومەت هەنگاو دەنێت."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بە ئەزموونی پێشووی دانانی سەرۆکێکی کاتی بۆ پەرلەمان کرد، کاتێک ڤالا فەرید ئەو پۆستەی وەرگرت تاوەکو حکومەت پێکهێندرا و گوتی: "رێگەچارەی زۆر هەیە، خەڵکی شارەزا و پسپۆڕ لەنێو ئەندامانی پەرلەماندا هەن کە دەتوانن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن."
 
"یەکێتی حاکمیەتی لایەنێک بە تەنیا قبووڵ ناکات"
 
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، سەعدی پیرە جەختی لەسەر بنەمای "شەراکەتی راستەقینە" کردەوە و رایگەیاند، "یەکێتی حاکمیەتی لایەنێک بە تەنیا قبووڵ ناکات. هاوبەش دەبێت هاوبەش بێت و حاکمیەتی هاوبەش بێت." روونیشی کردەوە کە هەرچەندە یەکێتی داوای پشکی 50%ی نەکردووە، بەڵام دەبێت "سیمای هاوبەشی پێوە دیاربێت، نەک لایەنێک حاکم بێت و ئەوانی دیکە تەنیا بەشدار بن."
 
سەعدی پیرە ئاماژەی بە چەند دۆسیەیەکی گرنگ کرد کە پێویستە لە چوارچێوەی هاوبەشدا بەڕێوەببرێن، لەوانە "دۆسیەی ئەمنی (ناوخۆ و ئاسایش)، دۆسیەی وزە (نەوت و کارەبا)، دۆسیەی پێشمەرگە و دۆسیەی دارایی." بە گوتەی ئەو، ناکرێت هەموو ئەم پۆست و دۆسیە گرنگانە لای یەک لایەن بن.
 
"پارتی و یەکێتی یەکتریان قبووڵە"
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رەتیکردەوە کە ناکۆکییەکانیان لەسەر رەتکردنەوەی یەکدی بێت و گوتی: "پارتی و یەکێتی یەکدی رەتناکەنەوە و یەکتریان قبووڵە. پارتی لە هەموو ئاستەکاندا دەڵێت یەکێتی بەدیلی نییە و یەکێتیش دەڵێت پارتی بەدیلی نییە. ناکۆکییەکەمان لەسەر بەشی هەردوولامانە، نەک ئەوەی یەکدیمان قبوڵ نەبێت."
 
"کێشەی سەرەکی لەگەڵ بەغدا بێمتمانەییە"
 
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەعدی پیرە گوتی: "کێشەی سەرەکی بێمتمانەییە. عێراق متمانەی بە وەزارەتەکانی نەوت و دارایی ئێمە نییە و حکومەتی هەرێمیش گومانی لە بەغدا هەیە. چارەسەریش سیاسییە نەک تەکنیکی." ئەو داوای کرد کە کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن و مووچەی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانیی کێشەی کۆمپانیاکان، چونکە "ناکرێت ئەم هەموو خەڵکە بەبێ مووچە بهێڵینەوە لەبەرئەوەی کۆمپانیایەک بەپێی زەوقی خۆی کار ناکات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.