رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران دەڵێت، ئاژەڵی بەرەڵا بوونەتە هۆی تێکدانی سەوزایی و ژینگە و بەپێی یاسا هەر ئاژەڵێک لەسەر شەقامەکان بگرن، خاوەنەکەی "بە 50 تاوەکو 250 هەزار دینار سزا دەدرێت."
رۆژی یەکشەممە، 17-08-2025، خەسرەو ئیسماعیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵمەتێکی چڕ بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵە ماڵییەکانی سەر شەقامەکان دەستپێدەکات و دەست بەسەر ئەو ئاژەڵانەدا دەگیرێن کە لەنێو کۆڵان، گەڕەک و سەر شەقامەکاندا بەرەڵا دەکرێن".
بە گوتەی خەسرەو ئیسماعیل، ئەو ئاژەڵانە دەبنە هۆی لەنێوبردنی دار و سەوزایی سەر شەقام و شۆستەکان، هەروەها سیمای شار بە ناشرین و پیس پێشان دەدەن.
ئەمڕۆ، سەرۆکایەتیی شارەوانی سۆران بڵاویکردەوە، لە سبەینێوە رێکاری یاسایی تووند دەگیرێتەبەر، خاوەن ئاژەڵەکان سزا دەدرێن و دەست بەسەر ئاژەڵەکانیاندا دەگیرێت.
لەبارەی سزاکەوە، خەسرەو ئیسماعیل گوتی، بەپێی یاسای ژمارە 14ـی ساڵی 2022ـی رێکخستنی ئاژەڵە ماڵییەکانی پەرلەمانی کوردستان، سزا لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ هەر ئاژەڵێک، بەڵام بەپێی ناوچە و جۆری ئاژەڵ دەگۆڕێت بەم شێوەیە:
- پشیلە و سەگی ماڵی: 50 هەزار دینار
- مانگا و بزن و ئاژەڵە گەورەکان: 120 تاوەکو 250 هەزار دینار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ