بەهۆی قیرتاونەکردنی گوندەکەیان؛ دانیشتووانی گوندێکی بەردەڕەش رێگە لە قیرتاوکردنی رێگەی 25 گوندی دیکە دەگرن

17-10-2022
ناسر عەلی
 راگرتنی پڕۆژەی قیرتاوکردنی 25 گوند لە سنووری بەردەڕەش لەلایەن دانیشتووانی گوندی بەرگیلەوە
راگرتنی پڕۆژەی قیرتاوکردنی 25 گوند لە سنووری بەردەڕەش لەلایەن دانیشتووانی گوندی بەرگیلەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی قیرتاونەکردنی رێگەی گوندەکەیان هاونیشتمانییانی گوندی بەرگیلی سەر بە ناحیەی دارەتووی سنووری بەردەڕەش گردبوونەوە و رێگەیان لە کارکردن بۆ قیرتاوکردنی رێگەی 25 گوندی ئەو سنوورە گرت. بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو دەڵێت، "کێشەی رێگەی ئەو گوندە پەیوەندی بە رێگەی 25 گوندەکەی دیکەوە نییە." 
 
وریا ئەحمەد، دانیشتووی گوندی بەرگیل و یەکێک لە بەشدارانی گردبوونەوەکە بە رووداوی وت، لە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی گوندەکەیان چوونەتە سەر پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی چەند گوندێکی سنووری دارەتوو و کارەکانی پڕۆژەکەیان راگرتووە. 
 
بەشدارانی گردبوونەوەکە داوا دەکەن کە لەگەڵ قیرتاوکردنی رێگەی ئەو گوندانەی دیکەدا رێگەی گوندەکەی ئەوانیش قیرتاوبکرێت. وەک خۆیان دەڵێن، رێگەی گوندەکەیان تەنیا دوو کیلۆمەترە. ساڵی 2013 کۆمپانیایەک کاری تێداکردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکە جێهێڵدراوە و تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە. 
 
ئەو دانیشتووەی گوندی بەرگیل دەڵێت، "چەندین ساڵە ئەو کێشەیەمان هەیە و بۆمان چارەسەر نەکراوە، بۆیە پەنامان بۆ راگرتنی ئەو رێگەیە بردووە." 
 
حاكم به‌شار محه‌ممه‌د، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە دروستکردنی رێگەی ئەو گوندە لە ساڵی 2013 بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا. دەشڵێت، لە سەرەتای قیرتاوکردنی رێگەوبانی ئەو 25 گوندە کە نزیکە لە گوندی بەرگیل-وە کۆمپانیای کاڤین گرووپ کە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات، "وەک هاوکارییەک بۆ گوندی بەرگیل بەڵێنیدا لەسەر خەرجی خۆیان رێگەی گوندەکە قیرتاوبکەن." 
 
حاكم به‌شار محه‌ممه‌د باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکەدا قسەی کردووە و "جەختیان لەوە کردەوە کە رێگەی ئەو گوندەش قیرتاودەکەن و بەشێوەیەکی سەرەتایی کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە