رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر راگرتنی هەڵمەتی میدیایی دژی یەکدی رێککەوتوون، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا.
ئەمڕۆ دووشەممە، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حیزب [یەکێتی] رێنمایی دەرکردووە بۆ راگرتنی هەڵمەتی میدیایی و هێورکردنەوەی دۆخەکە بۆ زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی عێراق و وەرگرتنی پشکی کورد."
لەتیف نێروەیی گوتی: "هەرچەند لایەنی بەرامبەر [پارتی] دوێنێ وەکو پێویست پابەند نەبوو، بەڵام ئێمە لە دوێنێوە بەشێوازێکی کردەیی پابەند بووین."
بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیشە، بە تۆڕی میدیایی راگەیاند، "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، هیچ هەڵمەتێکمان دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبووە، ئەوە هەبووە روونکردنەوەی پێویست بووە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لەکاتی رووداو و پێشهاتی جیاوازدا."
پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستی بە گەڕێکی کۆبوونەوە و دانوستاندن لەگەڵ حیزب و لایەنەکاندا کردووە. سەرچاوەیەکی باڵا لەو حیزبە بە رووداوی گوت: "هێورکردنەوەی دۆخەکە لە میدیاوە، بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکانە."
لەتیف نێروەیی دەڵێت: "ئێمە هەمیشە هەوڵی بەرگریمان داوە و لە زۆر قۆناخیش بە رێنمایی حیزب بێدەنگ بووین، بەڵام هەندێجار بەرامبەر هێرشکردنە سەر سەرۆک و حیزبەکەمان بەرگریمان کردووە."
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەکو دوو لایەنی سەرەکیی کە زۆرترین کورسییان بردووەتەوە و لە کابینەکانی رابردووشدا هاوبەش بوون، تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتوون لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ