رووداو دیجیتاڵ
دوای 37 ساڵ لە وێرانکردنی گەڕەکەکانیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە زەوی بەسەر 252 خێزانی قەزای دووکان دابەش بکات. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت: "پێدانی زەوییەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە."
سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ساڵی 1988 رژێمی بەعس هەردوو گەڕەکی (باسکەباریک و سەر بەحرەکە)ـی لە قەزای دووکان خاپوور کرد و دانیشتووانەکەی بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان راگواست، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا ئەو هاونیشتمانییانە چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەن.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوەیان، قایمقامی دووکان گوتی: "لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2019، لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەرەبووکردنەوەکە دەرچووە، سەرەتا پێشنیارکرا لە شوێنێکی دیکە زەوییان پێبدرێت، بەڵام دانیشتووانەکە رەتیانکردەوە و داوایان کرد تەنیا لەسەر زێدی خۆیان لە دووکان قەرەبوو بکرێنەوە."
بە گوتەی سیروان لالە سەرحەد، شوێنی زەوییەکان کێشەی خاوەندارێتی تێدابوو، بەشێکی موڵکی خەڵک و بەشێکیشی هی وەزارەتی کشتوکاڵ بووە، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر وەزارەتی کشتوکاڵ دەستبەرداری زەوییەکان بووە.
قایمقامی دووکان گوتی: "نووسراومان بۆ شارەوانیی دووکان کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ نەخشەدانانی ئاوەدانی، نەخشەی کەرتی بۆ ئەو دوو گەڕەکە دابنرێت و پاشان بەگوێرەی میکانیزمێک زەوییەکان دابەش بکرێن."
بەپێی ئامارەکانی قایمقامیەتی دووکان، سەرەتا لیستی 367 خێزان وەک سوودمەند ئامادەکرابوو، بەڵام دوای وردبینی و "فیلتەرکردن"، دەرکەوت 115 ناو مەرجەکانیان تێدا نییە و شایستە نین، بۆیە ژمارەکە بۆ 252 خێزان کەمبووەتەوە و تەنیا ئەوانە زەوییەکە وەردەگرن.
سیروان لالە سەرحەد ئەوەشی خستەڕوو، لەبەر ئەوەی رووبەری زەوییەکە سنووردارە، ئەگەر شوێن بەشی هەموویان نەکات، ناچارن ئەوانەی دەمێننەوە لە شوێنێکی دیکەی ناو دووکان زەوییان پێ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ