ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: بۆ مانەوە و نەمانەوەمان چاوەڕێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیرانین

17-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "بیستوومانە" بڕیاری دادگەی فیدراڵی  (بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان) گەیشتووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، بۆ مانەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەوان چاوەڕوانی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانن.
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە فەرمی دەرچووە؛ بیستوومانە گەیشتووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە." 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پێدەچێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی تاوتوێ بکرێت. گوتیشی، "ئێمە چاوەڕێی رێنوێنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانین، کە دەڵێن بە دەسەڵاتی تەواوە بەردەوامبن، یان بێدەسەڵات بەردەوامبن یانیش یەکجاری هەڵبوەشێنەوە".
 
رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق یاسایەکی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری پێناسەکرد و بووە هۆی بەنادەستووری ناساندنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
 
لە دانیشتنی دادگەکەدا یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم درا. یاساکەش هەمواری یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009یە و بە دوو بڕگە هەمواری کراوەتەوە. یەکێکیان دەڵێت: ئەنجوومەنەکان بەردەوام دەبن لە کاری خۆیان و ئەوی دیکەش دەڵێت پارێزگار لە دەرەوە و ناوەوەی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێت کە پێشتر تەنیا لە ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرا.
 
بەگوێرەی مادەی 21 لە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـی پەرلەمانی کوردستان، پارێزگار و هەردوو جێگرەکەی بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانە دوای تەواوبوونی ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا تاوەکو ئەوکاتەی ئەنجوومەنێکی نوێ لەدوای ئەوان کەسانی دیکە هەڵدەبژێرن.
 
لە 30ـی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، 23ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەکە سوێندی یاساییان خوارد کە بۆ ماوەی چوار ساڵ وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا کاربکەن، دەبوایە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام ناکۆکیی سیاسی رێگەی نەدا هەڵبژاردن لەو کاتەدا بکرێت و پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2019 بە یاسایەک ماوەی کارکردنی درێژکردنەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە