بەربژێرێکی کوردی فەیلی دەڵێت، سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندووە دەنگی پێدەدات

18-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
حەیدەر عەلی ئەبو تارە، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کورسیی کۆتای کوردی فەیلی
حەیدەر عەلی ئەبو تارە، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کورسیی کۆتای کوردی فەیلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کورسیی کۆتای کوردی فەیلی دەڵێت، سەرۆک بارزانی پێی گوتووە دەنگی پێدەدات.
 
حەیدەر عەلی ئەبو تارە لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی رووداودا کە رۆژی هەینی لە بەغدا لە لایەن نوێنەر فاتیحەوە پێشكێش کرا، گوتی سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندووە: "دەنگم بۆ تۆیە."
 
ئەبو تارە دانیشتووی بەغدایە و ئەندامی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
بە گوتەی خۆی، لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی پارتیدا بە سەرۆک بارزانیی گوتووە، "جەنابی سەرۆک، داوای پشتگیریت بۆ کوردانی فەیلی لێدەکەم."
 
وەک ئەو بەربژێرە دەڵێ، سەرۆک بارزانی لە وەڵامدا پێی راگەیاندووە، "کوردی فەیلی بەشێکن لە گەلی کوردستان؛ کوردی فەیلی رەسەنن و لە دامەزرێنەرانی پارتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردن. لە هەمووی گرنگتر، یەکەمین کۆنگرە لە ماڵی کوردێکی فەیلی بەسترا. کوردی فەیلی پشتیوانیی دارایی پارتیان کرد. ئەگەر بکرێ، من دەنگت پێ بدەم." 
 
وەک بەربژێرەکە دەڵێ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرۆک بارزانی گوت، "بەڵێ دەکرێ، چونکە عێراق هەمووی یەک بازنەیەیە." ئەبو تارە دەڵێ، سەرۆک بارزانی گوتی، "دەنگم بۆ تۆیە."
 
 
ئەبو تارە یەکێکە لەو 9 بەربژێرەی کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتای کوردانی فەیلی دەکەن. عێراق ئەمجارە هەمووی یەک بازنەیە بۆ کوردانی فەیلی و دەنگدەران دەتوانن بەربژێرەکە لە سەرانسەری وڵات هەڵبژێرن، پێچەوانەی خولەکانی پێشتر کە بازنەکە تەنیا پارێزگەی واسیتی دەگرتەوە. 
 
ئەبو حەیدەر لە بەردەم دیوارێکی نێو شاری بەغدا کە پۆستەرە زەردەکانی پێوە هەڵواسرابوو گوتی، گوتەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئەو "میدالیای شکۆمەندییە و شانازییە بۆ هەموو کوردی فەیلی."
 
کوردانی فەیلی بە مەزهەب شيعەن و زۆربەیان لە بەغدا و واسیتن و بەشێکی دیکەیان لە پارێزگەکانی دیکەی عێراق.
 
تاوەکو هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە ساڵی 2018، پێچەوانەی پێکهاتەی کریستیان، کوردانی شەبەک، کوردانی ئێزدی و سابیئەکان، کوردانی فەیلی هیچ کورسییەکی کۆتایان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دیاری نەکرابوو. دوای ئەوەی کە دوایین جار لە ئاداری 2023 یاساکە هەموار کرایەوە، بڕیاردرا یەک کورسییان بۆ دابنرێ کە ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنە دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
بە گوێرەی هەمواری مادەی 15ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و یاسای ئەنجوومەنی پارێزگای قەزا و ناحیەکان، پێکهاتەکان یەک بازنەی هەڵبژاردنیان دەبێ. بۆ نموونە دەنگدەرێک لە بەسرە دەتوانێت دەنگ بە بەربژێرێکی کۆتا لە بەغدا بدات یان دەنگدەرێک لە هەولێر دەتوانێ دەنگ بە کۆتای فەیلی لە پارێزگای واست بدات.
 
ئەبو تارە و بەربژێرەکانی دیکەی پێکهاتەکان لەسەر لیستی پارتەکانی دیکە بەربژێر نین، بەڵکو ژمارەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام زۆربەیان لە لایەن پارتەکانەوە پشتیوانی دەکرێن و بانگەشەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەو پارتانە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە