رووداو دیجیتاڵ
بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، چەند ساڵێکە کراوەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان. بەڵام مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بارەگاکە چۆڵبکرێ و رادەستی پارتی بکرێتەوە، بڕیارەکەش بە برووسکە گەیێندراوەتە فەریق سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک.
پارتی ئەو بڕیارە بە قۆناخی سەرەتایی بەرەو ئاساییبوونەوەی دۆخی کەرکووک دەزانێ، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە راستەوخۆ دوای چۆڵکردنی بارەگاکانیان بگەڕێنەوەو دەست بە کاری سیاسی بکەنەوە، ئەگەر مەرجەکانی دیکەیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە جێبەجێ نەکرێ.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند، چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بەشێکە لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی کەرکووک. دەشڵێت "لەکاتی رێککەوتنەکانمان لە بەغدا هەمان ئەو کەسانەی ئێستا بەیاننامە دژی چۆڵکردنی بارەگاکانمان دەردەکەن، رازی بوون".
فەرمانی چۆڵکردن بۆ تەواوی بارەگاکانی دیکەی پارتی لە کەرکووک دەرچووە. فەرمانەکەش بێ کاردانەوە نییە. عەرەب بە بەیاننامەی فەرمی دژی وەستاونەتەوەو دەڵێن"ئەو هەنگاوە پشێوی لێدەکەوێتەوە". تورکمانیش هەم بە هاوبەشی لەگەڵ عەرەب و بەجیاش دژی رادەستکردنەوەی بەشێک لە بارەگاکانی پارتین.
قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی بە رووداوی گوت "بێگومان ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی عێراقی، پێمانوایە بابەتی باڵەخانە پەیوەست نییە بە نەتەوەی کورد و حیزبەوە، بەڵام زەویی باڵەخانەکە کێشەی هەیە، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی تۆمارکراوە لە عێراق و دەتوانێ بەردەوام بێت لە کارە سیاسییەکانی، بەڵام ئەو بینایە حکومییە و موڵکی دەوڵەتە".
پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە 80 بارەگای ئەمنی و رێکخستنی لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەرەوە چۆڵکردووە، زۆرینەیان دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڵام دوای تاڵانکردن و سووتاندنی کەلوپەلەکانیان، هەندێ لە بارەگاکان بە چۆڵکراوی جێهڵدراون.
رووداو زانیویەتی دوای دەرکردنی فەرمانەکە، راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، بە نووسراوێک کە ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کردووە، داوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکەی کردووەو نووسیویەتی "ئەو بارەگایانە تاوانیان تێدا ئەنجامدراوەو نابێ رادەستی پارتی بکرێنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ