رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، تاوەكو ئێستا چوار كەس گیانیان لەدەستداوە و دوو كەس بێسەروشوێنن و زیاتر لە 50 سەرئاژەڵ مرداربوون و نزیكەی 200 ماڵ و 50 دووکان ژێرئاوكەوتوون و سەتان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە.
عەبدولستار ئاغا مەلا، بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە لە وەڵامی پرسیارەكانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی زیانەكانی گیانی و ماددی لافاوەكەی ناحیەی قوشتەپە رایگەیاند، لە سنووری ناحیەی قوشتەپە چەند رێڕەوێكی سروشتیی تێپەڕبوونی ئاو هەیە پێی دەگوترێت كەندەكان. لە كاژێر 02:00ی بەرەبەیانەوە بارانێكی زۆر باریوە و بەرگەی ئەم هەموو ئاوەی نەگرتووە و بەهۆیەوە لافاو لە گەڕەكە نزیكەكانی ئەم كەندانە سەریهەڵداوە.
ئاغا مەلا راشیگەیاند، لە گەڕەكی مزوری زیاتر لە چوار كۆڵان تەواو ژێر ئاوكەوتوون. تیمەكانیان لە كاژێر 03:00ی بەرەبەیانەوە بۆ بەدەمەوەچوون و رزگاركردنی دانیشتووانی ئەم چوار كۆڵانە دەستبەكاربوون و دانیشتووانی كۆڵانەكانیان بە ئامێرەكانی كار رزگاركرد و گواستنیانەوە شوێنێكی ئارام.
باسی لەوەشكرد، گەڕەكی شارەوانیی كە فەرمانگەی كارەبای تێدایە زیانێكی زۆر گەورەی بەركەوتووە و دوو پێشانگەی ئۆتۆمبێلی بچووك و گەورە لە نزیك گەڕەكەكەدا زیانی زۆریان بەركەوتووە و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووك بەر ئاو كەوتوون و ئاوەڕۆكەكانیان داخستووە و لەوێش لافاو سەریهەڵداوە. هەروەها گەڕەكی ژین ئەویش زیانی بەركەوتووە لەگەڵ كەمپی ئاوارەكانی رۆژئاوا چەندین كۆڵان ژێر ئاوكەوتوون و زیانی زۆریان بەركەوتووە.
لەبارەی ژمارەی ئەو خانووانەی زیانیان بەركەوتووە، بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە رایگەیاند، ئامارێكی وردیان لەژێردەستدانییە، بەڵام تیمەكانیان سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و داتای زیاترن و پێشبینی دەكات زیاتر لە 200 ماڵ و سەتان ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 50 دووكان زیانیان پێگەیشتبێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە لەبارەی زیانی گیانی، بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت "تاوەكو ئێستا چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە. یەكێكیان منداڵێكی تەمەن 10 مانگانە و كوڕی پۆلیسێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە. یەكێك لە قوربانییەكانیش كوڕێكی چێشتلێنەر بووە لە پرۆژەیەكی كۆمپانیای ڤیابازاڕ كاری دەكرد، لەژێر زەمین خەوتووە و ئاگاداری لافاوەكە نەبووە و گیانی لەدەستداوە. هەمان كۆمپانیا پێی راگەیاندیوون كە چوار كرێكاریان لە نێو ئۆتۆمبێلێكدابووە بێ سەروشوێن بوون. دواتر دوو تەرم لە نزیك هەمان پرۆژە دۆزراونەتەوە. رەنگە هەر ئەم كرێكارانە بن، بەڵام دوو كرێكارەكەی دیكەش بێسەروشوێنن. سەرباری ئەمەش هێشتا نازانین كە ئەم دوو تەرمە دۆزراوە هەمان كرێكارە ونبووەكانی ئەم كۆمپانیایان یان كەسانی دیكەن. هەروەها رەگەزنامەی ئەم كرێكارانەش نازانین كوردن، عەرەبن یاخود بیانین".
لەبارەی پچڕانی كارەبای ناحیەی قوشتەپە، عەبدولستار ئاغا مەلا رایگەیاند، تەزووی كارەباش كەوتووەتە ژێر كاریگەری بارانەكە و زیان بە فیدەرەكان گەیشتووە، بەڵام لە دوای كاژێر شەشەوە تیمەكان كاردەكەن بۆ گەڕاندنەوەی كارەبا و ئێستاش چوار فیدەر دەستیان بەكاركردووە.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، یەكێك لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی لافاوەكە زێدەڕۆییەكانی سەر كەناڵەكانی بەڕێوەچوونی ئاوەكانە و بەشێك لە هاووڵاتیان دەستكارییان كردووە و زێدەڕۆییان تێداكردووە و خانوویان دروستكردووە و كێشەیان بۆخۆیان دروستكردووە و سەرباری ئەمەش هۆكارگەلێكی دیكە هەن.
لەبارەی قەرەبووكردنەوەی زیانبەركەوتووان، عەبدولستار ئاغا مەلا بەتۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، تیمەكانیان كاردەكەن بۆ تۆماركردنی ئاماری زیان پێگەیشتووان لە ماڵ و دووكان و ئۆتۆمبێل. لیژنەی قەیرانەكانی پارێزگای هەولێر فۆڕمێكیان پێداون لەسەر ئەم بنەمایە زانیارییەكان كۆدەكەنەوە و پێشكێشی پارێزگای هەولێر دەكەن و ئەوان بڕیار لە چۆنێتیی پێدانی قەرەبوو دەدەن.
باسی لەوەشكرد، 65 گوند سەر بە ناحیەی قوشتەپە هەن و موختاری گوندەكان یەكە بەیەكە لەبارەی زیانەكانیانەوە پەیوەندیمان پێدەكەن و زانیاری بە تیمەكانمان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ