لە کەرکووک رێگە نەدرا ئاڵای کوردستان بخرێتەوە دەست پەیکەری پێشمەرگە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی سەربازی لە کەرکووک رێگریی لە چەند گەنجێک کرد ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکەن. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "بابەتی پەیکەری پێشمەرگە خۆمان وەکو حکومەت چارەسەری دەکەین."
 
رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، رۆژی ئاڵای کوردستان، لە قوتابخانە، زانکۆ و دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکاندا بەرز رادەگیرێت و یادی دەکرێتەوە. بەڵام لە کەرکووک رێگری کرا ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمەڵێک گەنج ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیان هێنا و دەیانویست بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک هەڵبکەن، هیوا حوسامەدین پەیامنێری رووداو لە کەرکووک گوتی: "لەلایەن هێزێکی زۆری سەربازیی دژەتیرۆر و هێزی تایبەتەوە رێگرییان لێکرا و نەیانهێشت ئاڵای کوردستان هەڵبکەن".
 
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ رۆژی ئاڵای کوردستان لە هەموو قوتابخانەکانی کەرکووک بەرز راگیرا و هەموو قوتابی و مامۆستایانی کورد یادیان کردەوە؛ کە ساڵانی دیکە ئەمە رێگەپێدراو نەبوو، بەڵام بە هەوڵەکانی ئێمە ئەم ساڵ هیچ رێگرییەک نەبوو."
 
هاووڵاتییان، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوایان لە پارێزگاری کەرکووک کرد ئەمڕۆ لە رۆژی ئاڵادا، ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکرێت. پارێزگاری کەرکووک گوتی: "بابەتی پەیکەری پێشمەرگە وەکو حکومەت خۆمان چارەسەری دەکەین."
 
پەیکەری پێشمەرگە یەکێکە لە دیارترین پەیکەرەکانی شاری کەرکووک، بەرزییەکەی 23 مەتر و بنکەکەی 15 مەتر دەبێت. لە رۆژی 28ـی تەممووزی 2015 دەست بە دروستکردنی کراوە و لە  23ـی ئەیلوولی 2017 تەواو بووە.
 
پەیکەرەکە لەلایەن مانی ئەحمەد، پەیکەرساز و لەسەر ئەرکی ژمارەیەک کەسایەتیی کەرکووک دروستکراوە. 
 
جاران ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەرەکە دەشەکایەوە، بەڵام لە دوای هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئاڵای کوردستان هێنرایە خوارەوە و ئاڵای عێراق لە شوێنەکەی هەڵکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە