رووداو دیجیتاڵ
موختاری گوندی رەشاڤە لە ئامێدی دەڵێت، "ناوچەی ئێمە بووەتە ناوچەیەکی سەربازی."
ئەمڕۆ (شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2025) تاهیر رەشاڤەیی، موختاری گوندی رەشاڤە لە ئامێدی، لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو گوتی، "ناوچەی ئێمە بووەتە ناوچەیەکی سەربازی، بەڵام لە 4 بۆ 5 مانگ بەر لە ئێستا، بارودۆخی ناوچەکەمان خراپتربووە و بۆردوومان و شەڕ هەیە و خەڵک ناتوانن بە ئاسانی هاتووچۆ بکەن."
تاهیر رەشاڤەیی گوتی، "فڕۆکە و درۆن زۆرترین هەڕەشەیان لەسەر گوندەکانی کانێ، دێرێ، سگێرێ، سەرگەلێ، بەلاڤە، گوهەرزێ، رەشاڤە تاوەکو دێرەلووک، گوندەکانی مژێ، کەونەمژێ و گرگاشێ لە ناوچەی بەری گارە و نهێل دروستکردووە و خەڵک ناوێرن بڕۆنە دەرەوە و 10 مەتر لە رێگەی سەرەکی دوور بکەونەوە."
بە گوتەی موختاری رەشاڤە، "گولـلە و پاشماوەی تۆپ و درۆن دەکەونە نێو گوندەکان و خانووی خەڵک؛ مەترسییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان دروستکردووە."
تاهیر رەشاڤەیی ئاماژەی بەوە کرد،"بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیاتر لە 40 کەسی ناوچەکەمان بریندار بوون، خەڵک ناوێرن بڕۆنە سەیرانگەکان و لەسەر رێگە سەرەکییەکان هاتووچۆ بکەن."
رۆژی هەینی، 17-1-2025، کارزان مەھدی، ھاونیشتمانییەکی ناحیەی دێرەلووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک، گەنجێکی ناحیەکە بە ناوی وەھبی سادق، تەمەن 25 ساڵان برینداربوو" لە بارەی بارودۆخی ئەو بریندارەوە، تاهیر رەشاڤەیی دەڵێت،"لە نەخۆشخانەیەکی دهۆکە و بارودۆخی باشە."
موختاری رەشاڤە دەڵێت،"جووتیارانی نزیکەی 40 بۆ 50 گوندی ناوچەی دێرەلووک کە دەکەونە سەر رێگەی سەرەکی، بەهۆی مەترسی بۆردوومانەکانەوە ناتوانن کاری کشتووکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و هەنگەوانی بکەن."
کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی CPT کە ئامارەکانی شەڕ کۆدەکاتەوە و دەیانکاتە بەڵگە، لەبارەی زیانەکانی شەڕ لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ساڵی 2024 بەهۆی بۆردوومانەکانەوە 18 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 5 کەسی دیکەش بریندار بوون، 11 گوندیش چۆڵکراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ