رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی ساڵێک بەسەر پەسندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکان لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا لە کەرکووک جێبەجێ نەکراوە. نوێنەرێکی جووتیاران ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 23 هەزار دۆنم زەویی کورد لەدەستی عەرەبی هاوردە ماوەتەوە و بەرپرسێکیش هۆکارەکەی بۆ "حکومەتی کاربەڕێکەر" دەگەڕێنێتەوە.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ یاسای گەڕانەوەی زەوی و موڵک بۆ خاوەنەکانیان جێبەجێ نەکراوە و بەهۆیەوە هەزاران دۆنم زەویی جووتیارانی کورد لە دەست عەرەبی هاوردە ماونەتەوە."
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی جووتیاران، تەنیا لە دوو قەزای کەرکووک 23 هەزار دۆنم زەوی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە بەکار دەهێنرێن، کە 17 هەزار دۆنمی لە سنووری قەزای داقووقە و 6 هەزار دۆنمیشی لە سنووری قەزای دوبزە.
سەبارەت بە زەوییەکانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان، محەممەد ئەمین گوتی، "نزیکەی 44 هەزار دۆنم زەوی 14 گوند تۆمار کراون و ئێستا لە دەستی کورددان، بەڵام تاوەکو تاپۆکەیان نەگەڕێتەوە و بە فەرمی گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان هەڵنەوەشێتەوە، ئەوانیش لە مەترسیدان."
نوێنەرەکەی جووتیارانی کەرکووک هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاساکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "حکومەتی عێراق نایەوێت جێبەجێی بکات." هاوکات رەخنە لە نوێنەرانی کورد دەگرێت و دەڵێت، "بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا نەیانتوانیوە گوشارێک دروست بکەن کە یاساکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا پاساوێکی دیکە دروست بووە کە بریتییە لەوەی "حکومەتی عێراق بووەتە کاربەڕێکەر و کەس ئامادە نییە جێبەجێکردنەکەی لە ئەستۆ بگرێت."
یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان کە لە 21-01-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا، پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمانەوە هەیە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، کە بەگوێرەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشوو (بەعس) دەستیان بەسەردا گیرابوو.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، "یاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کراوە، دەبێت ئەوان بینێرنەوە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێشەوە رێنماییەکانی جێبەجێکردن ئاراستەی لایەنەکان بکرێت."
میروەیس دەڵێت، "بۆ دەرکردنی یاساکە کورد یەکدەنگ بوو، بەڵام بۆ جێبەجێکردنەکەی هیچ یەکدەنگی و گوشارێک بەدی ناکرێت." جەختیشی کردەوە کە لەم کابینەیەدا کە بووەتە کاربەڕێکەر، جێبەجێکردنی یاساکە "ئەستەمە" و دەکەوێتە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی 10-11-2025، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاندبوو، لیژنەیەکی باڵا بە سەرپەرشتیی پارێزگاری کەرکووک پێکهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام وێڕای قسەکانی وەزیر، تاوەکو ئەمڕۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد لە دوبز و داقووق نەگەڕێندراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ