رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی بەرەی گەل رایدەگەیێنێت، لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستاندا، دوو کورسییەکەیان رۆڵی "یەکلاکەرەوە" دەبینێت لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی زۆرینە. سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتیش دەڵێت: "ئەگەر دۆخەکە بۆ پێش 22ـی ئاب و 8ـی تەممووز بگەڕێتەوە، ئامادەین گفتوگۆ بکەین."
شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی لە هاوکێشەکانی پەرلەمان و سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەت کرد.
شادمان مەلا حەسەن بە وردی باسی لە ژمارەی کورسییەکان کرد و گوتی: "بەدەر لە کۆتاکان، ئەگەر پارتی و یەکگرتوو و لایەنەکانی دیکە کۆببنەوە دەگەنە نزیکەی 49 کورسی، بۆیە ئەو دوو کورسییەی بەرەی گەل دەتوانێت ژمارەکە بگەیێنێتە 51 (زۆرینەی رەها) و بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە." گوتیشی: "بەهەمان شێوە بۆ بەرەی یەکێتی و نەوەی نوێش، دوو کورسییەکەی ئێمە تەواوکەری ژمارەی پێویست دەبێت، بۆیە کورسییەکانمان قورسایی خۆیان هەیە."
سەبارەت بە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل رەتینەکردەوە کە گفتوگۆ بکەن، بەڵام چەند مەرجێکی خستەڕوو.
شادمان مەلا حەسەن گوتی: "ئێمە هێڵی سوورمان نییە و گفتوگۆ باشە، بەڵام تاوانێکی گەورە بەرامبەر ئێمە کراوە. رووداوەکانی 22ـی ئاب وەک پەلاماردانی شێخ مەقسوود دیمەنێکی ناشیرین بوو."
لەبارەی مەرجەکانیان بۆ بافڵ تاڵەبانی گوتی: "ئەگەر بیانەوێت ئەو دوو کورسییە بخەینە پاڵ یەکێتی، دەبێت هەموو شتەکان بگەڕێنەوە بۆ پێش 22ـی ئاب، دەبێت قەرەبووی زیانەکان بکرێتەوە، داوای لێبووردن بکرێت و بچینەوە سەر گفتوگۆی 8ـی تەممووزیش."
سەبارەت بە دەنگۆی رێککەوتنی نەوەی نوێ و یەکێتی، شادمان مەلا حەسەن جەختی کردەوە کە دۆسیەی ئەوان جیاوازە و گوتی: "رەنگە نەوەی نوێ لە بەرامبەر ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید یان دۆسیەی چاڤیلاند و دەستکەوتی ئابووری رێککەوتنیان کردبێت، بەڵام ئێمە خوێن لە نێوانماندا رژاوە و هەڤاڵمان شەهید بووە، بۆیە ئاسان نییە."
ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لاهوور شێخ جەنگی ئازاد بکرێت و مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێت، ئەوکات دەتوانن وەک هێزێکی نیشتمانی گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت بکەن.
سەبارەت بە دۆسیەی یاسایی لاهوور شێخ جەنگی، شادمان مەلا حەسەن ئاشکرای کرد کە داوایان کردووە دۆسیەکە بچێتە دادگای تەمیز بۆ وردبینی، "بەو پێیەی گومانیان لە بێلایەنی دادگاکانی سلێمانی و هەولێریش هەیە بەهۆی هەژموونی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ