رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: "رێنماییەکانی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست لە قۆناخی کۆتاییدان و هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی سوودمەند دەبن؛ ئاماژە بەوەش دەکات پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە رێکارەکان دەستپێبکەن.
رۆژی یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە فەرمانبەرانی گرێبەست هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن، ئێستا رێنماییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و چەند مانگێکە کار بۆ رێکخستنی ئەم پرسە دەکرێت."
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی مامەڵەکان، بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: "پێشبینی دەکەین کۆتایی ئەم مانگە رێنماییەکان لە رۆژنامەی فەرمی کوردستان بڵاوبکرێنەوە، دواتر لە رێگەی نووسراوی فەرمی هەموو شارەوانییەکان ئاگادار دەکرێنەوە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا بکەن کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە؛ فەرمانبەری سوودمەندیش دوای ئاگاداربوونیان دەست بە مامەڵەکانی دەکەن."
سەربەست مەولوود جەختی لەوەش کردەوە لەسەر داواکاری زۆر فەرمانبەرانی گرێبەست ئەم بڕیارە دراوە ، دەشڵێت: "مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست، هەمان ئەو مەرجانەن بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی دیاریکراون."
پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، پاڵپشت بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە لە 27ـی ئاداری 2024 دەرچووە؛ بڕیارەکە ئەو فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشینانە دەگرێتەوە پێشتر سوودمەند نەبوون و لە 8 ساڵ زیاتر خەزمەتیان هەیە.
زانیاری لەبارەی زەوییەکان:
- رووبەری ئەو زەوییەی دەدرێتە هەر فەرمانبەرێک 200 مەتر دووجایە.
- دابەشکردنی زەوییەکان بەشێوەی تیروپشک دەبێت.
- پرۆسەی وەرگرتنەکە بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی رێکدەخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ