رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، پێشوازی لە هەموو لایەنەکانی دەرەوەی پارتی دەکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. شاندی یەکێتی سەردانی ئەو حیزبە و پارتی سۆسیال دیموکراتی کرد بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ، هەڵوێستی خۆیان دەخەنەڕوو.
پێشهاتەکان لەکاتێکدایە، لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.
رەوتی هەڵوێست: بەشداری ناکەین
رەوتی هەڵوێست چوار کورسی بەدەستهێنا و هەریەکە لە عەلی حەمەساڵح، بەدەل بەرواری، سازگار فەریق و سارا موحسین بوونە پەرلەمانتار، بەڵام دەنگۆی جیابوونەوەی سارا موحسین لە فراکسیۆنەکە هەیە.
بەدەل بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی هەڵوێست، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بە دڵنیاییەوە بەشداری دەکەین، بەڵام نابینە هیچ بەشێک لە رێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی."
لەبارەی سارا موحسینەوە بەدەل بەرواری گوتی، "ئەو بە فەرمی لە لیستی هەڵوێست دەرنەکراوە یان رۆشتبێت، بەڵام بەشداریی لە چالاکییەکانیش ناکات."
کەسێکی نزیک لە سارا موحسین، پەرلەمانتاری کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "وەکو کەسێکی سەربەخۆ کار دەکات، پشتگیری هیچ لایەنێکی سیاسیی ناکات و هیچ لایەنێکیش نەیگوتووە لەگەڵ ئەواندا بەشداریی پەرلەمانی کوردستان بکات."
کۆمەڵ لەسەر هەڵوێستی خۆی سوورە
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە سێ کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، تاوەکو ئەمڕۆ سوێندی یاساییان نەخواردووە و پێشتر رایانگەیاندبوو، ئامادە نین بچنە پەرلەمانی کوردستان.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکی نوێمان نییە کە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەین."
فراکسیۆنی بەرەی گەل دوو کورسییان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان، یەکێکیان لاهوور شێخ جەنگییە کە ئێستا لە سلێمانی لە زیندانە، ئەوی دیکە ئاڵا غائب حسامەدینە.
ئاڵا غائیب، پەرلەمانتاری بەرەی گەل ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا هیچ قسەیەکمان نییە و هەرکات کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کرا قسەی خۆمان دەبێت".
یەکگرتوو: ناچینە حکومەت
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەمان هەڵوێستی پێشوویان هەیە و دەڵێن، ناچنە کابینەی نوێی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و دەبنە ئۆپۆزیسیۆن.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچی نوێمان نییە جیاواز بێ لە هەڵوێستی پێشوومان کە بڕیارماندا ئۆپۆزیسیۆن بین لە کابینەی داهاتوودا."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گوتی، "بەشداربوون لە کابینەی داهاتوو گفتوگۆ و تاوتوێی زۆری دەوێ و لە داهاتوودا روونتر دەبێتەوە."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، جگە لە پێنج کورسی پێکهاتەکان، پارتی سۆسیال دیموکرات کورسییەک و بزووتنەوەی گۆڕان (نزیک لە باڵی کوردسات) کورسییەکیان بەدەستهێناوە. بافڵ تاڵەبانی دوای سەردانی سەرۆکی سۆشیال دیموکرات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، محەممەدی حاجی مەحموود پشتیوانی پڕۆژەکەی نەکردوون.
کۆنەبوونەوەی پەرلەمان لەکاتێکدایە، لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان."
لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەبوون، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب بوون. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کردبوو، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەبوو، کە کوردەوان جەمال بوو.
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەک لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسووڵ لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمان، شیرین یونس و شلێر غەفوور لە یەکێتی، هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری لە پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیان لە هەولێر بەربژێر بوون.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ