رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەناردەی شتومەک لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە بەراورد بە پار 63٪ زیادیکردووە و لە سەرەتای نەورۆزی 2024ـەوە تاوەکو کۆتایی مانگی یەکەمی 2025، بە بەهای 4.1 ملیار دۆلار کاڵا هەناردەکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، خالید جەنگجو، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ، ئاماری هەناردەی شتومەک لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە بڵاوکردەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ، لە سەرەتای نەورۆزی 2024ـەوە تاوەکو کۆتایی مانگی یەکەمی 2025 کە دەکاتە 10 مانگ، زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار تۆن لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی پارێزگاکە بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار هەناردە کراون کە بەراورد بە پار لە هەمان ماوەدا 63٪ زیادیکردووە.
خالید جەنگجو گوتی، لەو ماوەیەدا بڕی دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن بەرهەم و شتومەکی پارێزگاکانی دیکە بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێوە هەناردە کراون.
سەبارەت بە ئاماری ترانزێتیش، خالید جەنگجو گوتی، لە 10 مانگی رابردوودا سێ ملیۆن و 500 هەزار تۆن کاڵای بیانی و بڕی یەک ملیۆن تۆن کاڵای ناوخۆیی لە گومرگەکانی پارێزگای ورمێ ترانزێت کراوە.
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ دەشڵێت، ئێستا رۆژانە 16 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاتووچۆ دەکەن و هەزار و 750 بارهەڵگریش کاڵا و شتومەک بۆ دەروازە سنوورییەکان دەگوازنەوە.
پارێزگای ورمێ سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی نەخجیڤانی سەر بە کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان دا هەیە، زۆربەی هەناردەی ئەو پارێزگایە بۆ تورکیا و هەرێمی کوردستانە.
لەو پارێزگایە، شەش دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ، لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ