کوردستان

رۆژی دووشەممە، 17ـی شوبات گرژی لەنێوان جووتیارانی سەرگەڕان و سوپای عیراق دروستبوو. وێنە: رووداو
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان دەڵێت، ئەمڕۆ لە کەرکووک لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە و دواتر لە گوندی شەناغە گرددەبنەوە.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەغداوە سەردانی کەرکووک دەکات و ئێمەش لەگەڵیان کۆدەبینەوە، بزانین چییان پێیە بۆ جووتیارانی کورد دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەینەوە".
دوێنێ محەممەد ئەمین لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکان، لە لایەن سەربازانی عێراقی پەلاماردرا و سەربازێکی عێراق لەسەر تراکتۆرەوە ملپێچەکەی راکێشا بۆ ئەوەی دایبەزێنێت، بەڵام نەیتوانی. ئەوەش کاردانەوەی زۆری کورد و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
محەممەد ئەمین دەڵێت، بۆ ماوەی 48 کاژێر چالاکییەکانیان هەڵپەساردووە و چاوەڕوانن داواکانیان جێبەجێ بکرێت. گوتیشی: "لەسەر داوای خەڵک ئەمڕۆ گردبوونەوە دەکەین و پێشوازی لە میوانان دەکەین، کە بڕیارە میوانێکی زۆر لە گوندی شەناغە سەردانمان بکەن".
شەوی رابردوو سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو رووداوانەی ئەمڕۆی سنووری کەرکووک دەکەن، فەرماندەکانی سوپایان راسپاردووە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روودانی گرژییەکان بکەن.
42 گوند لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانە. پێنج گوند کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکن و کێشەیان لەسەرە بریتین لە گوندەکانی: شەناغە، پەلکانە، سەربەشاخ، گابەرەکە و خەرابە.
تاوەکو ئەمڕۆ بەرپرسانی سوپای عێراق رێگەیان نەداوە جووتیارانی ئەو پێنج گوندە زەوییەکانیان بکێڵن، هۆکاری ناڕەزایی جووتیارانیش ئەو رێگرییانەیە لێیان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ