گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ ئێران رادەگیرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە گەشتکردنی هاونیشتمانیان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت دەرکرد و رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە تاوەکو کاتێکی نادیار، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە گەشتیارییەکان بەرەو ئێران نادرێت.
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکە بە رووداوی راگەیاند، پێشتر رێکار و میکانیزمی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان لە دیوی ئێرانەوە دەکران، بەڵام لە مانگی سێ بەدواوە لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆییەوە لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.
 
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران گوتیشی، بڕیارەکە تەنیا ئەو گەشتیارانە دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بچنە ئێران، گەشتەکانی دیکە بەردەوام دەبن.
 
چوارشەممە، 18-2-2026، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "سەرجەم هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی ئاگادار دەکەینەوە، کە لە رێککەوتی 1ـی ئادارەوە، گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە بەرەو ئێران رادەگیرێت."
 
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە "بە مەبەستی دانانی رێکار و میکانیزمی گونجاو و رێکخستنی کاروبارەکان و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە