رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایدەگەیێنێت، ئەوان لە راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانن.
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئاداری 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئێمە نیگەرانین لە راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان."
بالیۆزی ئەمریکا داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات کار بکەن بۆ بەڕێوەچوونی "هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و متمانەپێکراو. هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێ دەنگیان هەبێت لە دیاریکردنی داهاتوویاندا".
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن لەبارەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە، دایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، ئەوان لە بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن نیگەرانن. راشیگەیاند، بایکۆتەکە "خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و عێراق ناکات."
هەروەها نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق – یونامی راگەیێندراوێکی لەبارەی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
یونامی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین کار بۆ بەرژەوەندیی خەڵک و لەپێناو چارەسەردا کار بکەن".
یۆنامی ئاماژە بەوەش دەکات، کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 10ـی حوزەیران "زۆر پێویستە."
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.''
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و و مەکتەبی سیاسیی پارتی تێیاندا روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە، کە لەبەشێکیدا دەڵێ: "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی 183 بەشدار بوو، بە دەنگی زیاتر لە 688 هەزار دەنگدەر 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، لەدوای ئەویشەوە یەکێتی بوو کە 21 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ