رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، بەهۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە و مەترسیی جەنگ، چیدیکە کاتی هەنگاونانی لەسەرخۆی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، چارەسەرکردنی پرسی کورد بۆ تورکیا پێویستییەکی زۆر بەپەلە و کلیلی پاراستنیەتی.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی (رابوونی پێشکەوتنخوازی جیهانی) لە شاری بارسێلۆنای ئیسپانیایە. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک سەرۆک، کەسانی ئەکادیمی و نوێنەری پارتە سۆسیالیست و دیموکراتەکانی جیهان ئامادەن.
هاتیمئۆغوڵڵاری باسی لە کاریگەریی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر ناوچەکە و گوتی، ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە جیهان لەژێر هەڕەشەی ئەتۆمیدایە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکوڵێت، چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد بۆ تورکیا دەبێتە گەورەترین دەستکەوت و کلیلی پاراستنی.
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لەوە کرد کە راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا کراوە و گوتی، ئێستا خەڵک چاوەڕێی دەرکردنی یاسایە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بگاتە ئەنجام.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک "دانوستاندنکاری سەرەکی" لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دانی پێدابنرێ؛ هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە ئەو هەنگاوانەی پێویستیان بە یاسا نییە، دەستبەجێ بنرێن.
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "پێویستە کۆتایی بە سیستمی قەییوم بهێندرێ و ئەو کەسانەی هەڵبژێردرابوون بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. هەروەها ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و کەسانی دیکە دادگایی دەکرێن، پێویستە پرۆسەکە بەبێ دەستگیرکردن بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی متمانەی کۆمەڵگە بە ئاشتی دروست بێت."
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوایکرد بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکرێن و سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و گیراوانی دۆزەکانی کۆبانێ و گەزی، ئازاد بکرێن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە هەڵسەنگاندنەکانیدا بۆ پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بانگەوازی ئاراستەی ئەنقەرە کرد و گوتی: "کاتێک سەیری پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەین، لە قۆناخێکداین کە نابێت لەسەرخۆ هەنگاو بنرێ. بەپێچەوانەوە، پێویستە زیاتر و خێراتر هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی بە خێرایی بگەینە ئەنجام. ساڵ و نیوێکە دیالۆگ بەردەوامە و هیوادارین بە تێکۆشان و سووربوونی هاوبەش، بگەینە ئەنجامێک کە خزمەتی برایەتیی هەموو گەلانی تورکیا بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ