رووداو-هەولێر
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند؛ بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023، زیاتر لە 25 هەزار مامۆستای وانەبێژ دادەنرێنەوە و دادەمەزرێن. دوایین کات بۆ ناو تۆمارکردن 29ی ئەم مانگەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-8-2022 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023، کۆی مامۆستایانی وانەبێژ کە دادەنرێن زیاتر لە 25 هەزار کەس دەبن، واتا بەوانەشەوە کە پێشتر دامەزراون لە شوێنی خۆیان دادەنرێنەوە و ئەوانەش کە تازە دادەمەزرێن."
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "29ی ئەم مانگە دوایین کاتە بۆ ناو تۆمارکردن و یەکلاییکردنەوەی مامۆستایانی وانەبێژ، سەرەتای مانگی ئەیلوول پێویستە هەموو داتا و ئاماری مامۆستایانی وانەبێژ وەرگیرابێت و هەمان مانگ سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە سیستمی وەزارەتی پەروەردە تۆمار دەکرێن."
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا: "بەپێی رێنمایی وەزارەتی پەروەردە کە 6ی ئەم مانگە دەرکراوە، مامۆستایانی وانەبێژی کۆن بەگوێرەی پێویست و ئەو پسپۆڕییانەی وەزارەت دیاریکردووە، (پەروەردە، پەروەردەی بنەڕەت، ئاداب، زمان) لە شوێنی خۆیان دادەنرێنەوە، بەڵام مەرجیش لەبارەی بەشەوانەی وانەبێژانەوە دانراوە کە دانان و دانانەوەی مامۆستای وانەبێژی دانەمەزرا و لە هەموو دۆخێکدا نابێت بەشەوانەکانی لە 12 بەشەوانە کەمتر بێت."
لە هەرێمی کوردستان 30 هەزار و 465 مامۆستای وانەبێژ هەن کە 10 هەزاریان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینن.
رۆژی 24-07-2022 بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە شارەکانی سلێمانی، کەلار، چەمچەماڵ و رانیە خۆپێشاندانیان کرد و داوایانکرد بە گرێبەست یان هەمیشەیی دابمەزرێندرێن و پێش دەستپێکردنەوەی دەوام، وەزارەتی پەروەردە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکات.
رۆژی 08-08-2022 وەزارەتی پەروەردە 20 رێکاری لەبارەی دانان و دانانەوەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023 بڵاوکردەوە، بەپێی رێکارەکان مامۆستایانی وانەبێژ تەنیا لە دەرچووانی ژمارەیەک کۆلێژ و بەش دەبێت و بەپێی پێویستیشە.
بەپێی رێکارەکانی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە وانەبێژان، سەرجەم ئەو وانەبێژانەی کۆلێژەکانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەت و باخچەی منداڵان و پەروەردەی وەرزش دادەنرێنەوە.
هەروەها ئەو وانەبێژانەشی بڕوانامەی کۆلێژەکانی ئاداب، زمان، زانستەمرۆڤایەتییەکان، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زانست-یان هەیە و ئێستا وانەبێژن، دابنرێنەوە بەپێی رێنوێنی و پێویستی و دەبێت خولی شیاندن ببینێت وەکو ئەوەی بۆی دیاریدەکرێت، هەروەها فۆرمی پابەندبوون بە رێنوێنیی دارایی ژمارە 14ی ساڵی 2021 پڕبکاتەوە و فەرمانی کارگێڕیشی بۆ دەربچێت.
لەبارەی مامۆستایانی دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵیشەوە کە پێشتر بە وانەبێژ دانراون، دانانەوەیان بەپێی پێویستی و چەند مەرجێک دەبێت لەوانە:
- پێویستە خولی شیاندن ببینێت و لە قۆناخی بنەڕەتی دابنرێت نەک ئامادەیی.
- فۆرمی پابەندبوون بە رێنوێنیی دارایی ژمارە 14ی ساڵی 2021 پڕبکاتەوە و فەرمانی کارگێڕیشی بۆ دەربچێت.
تایبەت بە دەرچووانی ئامار و ئابووری، دادەنرێن یان دادەنرێنەوە بەم مەرجانە:
- خولی شیاندنی پەروەردەیی ببینێت.
- ئامار لە بنەڕەتی بیرکاری بڵێتەوە؛ ئابووریش لە ئامادەییەکان دادەنرێن.
- فۆرمی پابەندبوون بە رێنوێنیی دارایی ژمارە 14ی ساڵی 2021 پڕبکاتەوە و فەرمانی کارگێڕیشی بۆ دەربچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ