کوردستان
حەممەد حەیدەر، پۆلیسی دارستان، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی گوندی نەیجەڵەی هەڵەبجە گیانی لەدەستدا.
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو ئاگرەی لە هەڵەبجە کەوتووەتەوە، کەسێکی دیکە گیانی لەدەست دا، بەرگریی شارستانیی هەڵەبجەش دەڵێت، قوربانییەکە پۆلیسی دارستانە.
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە 18-8-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئاگرەکەوە کەمێک لەمەوبەر کەسێکی دیکە گیانی لەدەستدا، کە پۆلیسی دارستانە".
ئاگرەکە دوو رۆژە ناوچەی کۆکۆیی هەڵەبجەی گرتووەتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت: "بەهەمان هۆکار پێشتر کەسێکی دیکە گیانی لەدەستداوە."
ئاری موختار کە خۆبەخشانە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی داوە، ئەو هاونیشتمانییەیە کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
زانیار عومەر گوتی، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵنەکراوە، هۆکارەکەشی بۆ سەختیی ناوچەکە گێڕایەوە.
بەهۆی ئاگرەکەوە کە تائێستا هۆکارەکەی ئاشکرا نەبووە، دەیان هێکتار زەوی، دار و سرووشتی ناوچەکە سووتاون.
ناوچەی کۆکۆیی دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە، گوندی چنارە و نەیجەلە و مۆردین سەر بە ناوچەی کۆکۆیین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ