شارەوانیی سلێمانی: هەر دووکاندارێک تەنەکەی زبڵی نەبێت، سزادەدرێت

18-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سزادانی چەند دووکاندارێک لە سلێمانی بەهۆی نەبوونی شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆ (تەنەکەی زبڵ)ەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا؛ شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، دووکاندارەکان پێشووتر ئاگادارکراونەتەوە دەبێت شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆ دابین بکەن، بەڵام  ئەوانەی نەیانکردووە، سزادراون.
 
رۆژی دووشەممە، 18-9-2023، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: سزادان بەهۆی نەبوونی شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆ (تەنەکەی زبڵ) ماوەیەکی زۆرە هەیە، بەڵام بەر لە سزادانی دووکاندار یاخود خاوەن کارەکە ئاگاداردەکرێتەوە، ئەگەر سەرپێچی بکات ئەوکاتە سزادەدرێت.
 
دووکاندارێک لەنێو بازاڕی سلێمانی وێنەیەکی پسووڵەی پێبژاردنی بۆ رووداو ناردووە کە لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە بۆی کراوە و مۆری شارەوانیی سلێمانی لەسەرە، دەڵێت، "پێشووتر ئاگادار نەکراومەتەوە." بەهۆی فڕێدانی زبڵ و خاشاک دووکاندارەکە بە بڕی 100 هەزار دیناری عێراقی سزادراوە.
 
لەسەر ئەو دۆسیەیە، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی گوتی: ئەو کەسە پێشووتر ئاگادارکراوەتەوە کە شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆ دابین بکات، بەڵام سەرپێچی کردووە و زبڵ و خاشاکەکەی لەسەر شەقامەکە بڵاوکردووەتەوە، بۆیە سزادراوە.
 
لەسەر داخستنی دووکان و سزادانی خاوەن کار و پێبژاردن بە شێوەی راستەوخۆ، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر خاوەن کارەکە ئاگادارکرابێتەوە سەرپێچییەکەشی دووبارە کردبێتەوە، ئەوا یان دەبێت پێبژاردنەکە راستەوخۆ بدات، یاخود شوێنی کارەکەی دادەخرێت.
 
زەردەشت رەفیق باس لەوە دەکات: "پاراستن و پاکڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان ئەرکی ئێمەیە، بۆیە ناچارین بۆ پاراستنی ژینگە، سزا بۆ ئەو کەسانە دیاری بکەین کە دەبنە هۆی پیسبوونی شەقام و شوێنە گشتییەکان و ئەو سزایانەش لە بەرژەوەندیی خەڵکە."
 
بەپێی رێنوێنییەکانی شارەوانیی سلێمانی، پێویستە هەموو خاوەن کار و دووکاندارێک لەسەر شەقامی گشتی بێت یاخود شەقامی لاوەکی، دەبێت شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆ (تەنەکەی زبڵ)ـی هەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە