رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەریان لەوە سووڕما کاتێک پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ [دووشەممە]ی پەرلەمان لابرا و دەشڵێت: "ئەگەر پرۆژەیاساکە نەخرێتەبەرنامەی کاری سبەی[سێشەممە]ی پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدرێت، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستیان دەبێت".
سروە محەممەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە، 18-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا فراکسیۆنە کوردستانییەکان قسەیان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان کردووە بۆ دەنگدان بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، ئەوانیش رەزامەندیان داوە، بەڵام ئەمڕۆ تووشی سەرسوڕمان بووین، کاتێک بە واژۆی 25 پەرلەمانتار لەبەرنامەی کاری پەرلەمان لابرا، بەبێ ئەوەی بیانووەکەیان روون بکەنەوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شیعەکان لە بەرامبەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، داوای بەپارێزگاکردنی قەزای تەلەعفەر دەکەن لە سنووری پارێزگای نەینەوا.
وەک ناڕەزاییەک لەسەر دەرهێنانی پرۆژەیاساکە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی دانیشتنەکەدا، فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوەکەیان جێهیشت.
سروە محەممەد کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە گوتی: "چاوەڕێی سبەی دەکەین، ئەگەر سبەی پرۆژەیاساکە نەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدرێت، ئەوا سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستیان دەبێت".
پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لەبەرنامەی کاری رۆژی پێنجشەممەی رابردووی پەرلەمان بوو، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ دووشەممە دواخرا.
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ