رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، راگەیێندراوێک لەبارەی دۆخی ئەو پێشمەرگە بریندارە بڵاودەکاتەوە کە رۆژی 10ی ئاب، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو باسی گرفتەکانی کرد و دەڵێ: "هەر لەسەرەتای برینداربوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانە بۆ چاکبوونەوەی یارمەتیان داوە و هاوکاری کراوە."
پێشمەرگەکە ناوی عەدنان زوهێرە، ساڵی 2014 لە شەڕی دژی داعش بریندار بووە، ئێستا لە ماڵ کەوتووە و وەک خۆی دەڵێت: "رۆژانە تووشی گەشکە دەبم." ئەو پێشمەرگەیە بۆ گەیاندنی دەنگی، هانای بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هێنا و لەسەر داوای خۆی، لە 10ی ئابی 2025، بووە میوانی بەرنامەی بەرپرسیار.
عەدنان زوهێر: "سێ نەشتەرگەریم لەسەر ئەرکی خۆم کردووە"
عەدنان زوهێر لە بەرنامەی بەرپرسیار، داوای هاوکاری لە وەزارەتی پێشمەرگە و خێرخوازان کرد و گوتی: "خانوو و ئۆتۆمبێلم بۆ خەرجیی نەخۆشییەکەم فرۆشت. تاوەکو ئێستا سێ جار لەسەر ئەرکی خۆم نەشتەرگەریم کردووە. ساچمەیەک لەنێو مێشکم ماوە و هەفتانە دوو بۆ سێ جار گەشکە دەمگرێت. داوا دەکەم هاوکاریم بکەن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە و گۆڕینی دۆخی ژیانم."
بەهۆی کەمدەرامەتییەوە عەدنان دوو لە منداڵەکانی لە خوێندن دابڕاندووە. رێژەی پەککەوتەی ئەو پێشمەرگەیە بەپێی راپۆرتی پزیشکی کە لە 2021 دەرچووە، بە 70٪ دەستنیشان کراوە. بەڵام وەک خۆی دەڵێت و بەڵگەی نووسراوی لایە، "وەزارەتی پێشمەرگە پلەی پەککەوتەی بە 50٪ دەستنیشان کردووە بێ ئاماژەکردن بە برینداربوون، تەنیا بە ئاماژەدان بە گەشکە".
عەدنان زوهێر گوتی، "خەرجیی مانگانەی دەرمانەکانم 200 هەزار دینارە، لەکاتێکدا لە خانووی کرێ لە گوندێکی سنووری خانەقین نیشتەجێم. تاکە داهاتیشم مووچەی خانەنشینیی پێـشمەرگەیە."
پزیشکێک: ساچمە لەنێو مێشکی زوهێر دایە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە
دکتۆر نەبەرد ئازاد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیار، باسی دۆخی زوهێری کرد و گوتی: "عەدنان نەخۆشی لە خوێنبەر و خوێنهێنەر هەیە و سکماکە. دووەم حاڵەتیش، برینداربوون و بوونی ساچمە لەنێو مێشکی، پێویستی بە نەشتەرگەرییە و لە هەولێر دەکرێت، کاسەی سەری دەکرێتەوە و ساچمەکە دەردەهێنین. بۆ گەشکەکەی، پێویستی بە دەرمانی بەردەوامە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو پێشمەرگە بریندارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کەناڵی رووداو لە 10.08.2025 چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پێشمەرگەیەک بەناوی عەدنان زوهێردا کردووە کە برینداری شەڕی داعشە و نابەرپرسیارانە و بە بێ مۆڵەتی خۆی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێ بڵاو کردۆتەوە."
لە راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانیدا هاتووە، "ئەو پێشمەرگەیە نەخۆشیی هەبووە و رووداو بەداخەوە رەچاوی دۆخی نەخۆشییەکەی نەکردووە، لەبری ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار بکات تەنیا لەبەر وروژاندنی خەڵک و بەدەستهێنانی ڤیوی زیاتر ئیستغلالی ئازارەکانی ئەو پێشمەرگەیەی کردووە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، "دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە لەلایەن رووداوەوە، فەرماندەیی زێرەڤانی هەڵسا بە بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە و دواجاریش دەرکەوت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر لەسەرەتای برینداربوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانە بۆ چاکبوونەوەی یارمەتییان داوە و هاوکاری کراوە و بە بەردەوامی رەچاوی دۆخی تەندروستی و ژیانی کراوە و بە بڕیاری لیژنەی پزیشکی، وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشینی کردووە."
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەڵێت: "پێویستە راگەیاندنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە هیچ شێوەیەک بۆ سەبقی خەبەری و ڤیوی زیاتر ئیستغلالی ئازار و بەرائەتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نەکەن."
تۆڕی میدیایی رووداو: لەسەر داوای خۆی دەنگی پێشمەرگەکەمان گەیاندووە
گوتەبێژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەوبارەوە لێدوانێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، " ئێمە لەسەر داوای خودی پێشمەرگەی خۆشەویست (عەدنان زوهێر) کە بە خوێن و گیانی خۆی بەرگریی لە کوردستان کردووە، داواکارییەکەیمان گەیاندووە. هەر خۆیشی هەموو شتێکی پێداوین و ئەو پێشمەرگەیەشی بۆ دۆزیوینەتەوە کە لە کاتی برینداربوونی دا لەگەڵی بووە."
گوتەبێژەکەی رووداو دەڵێت: "رووداو شەیدای ڤیو نییە، بەڵکو پەرۆشی گەیاندنی دەنگ و داوای رەوای ئەو پێشمەرگانەیە کە پەیوەندی بە رووداوەوە دەکەن."
دەقی راگەیێندراوەکە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی
کەناڵی رووداو لە 10-8-2025 چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پێشمەرگەیەک بەناوی عەدنان زوهێردا کردووە کە برینداری شەڕی داعشە و نابەرپرسیارانە و بە بێ مۆڵەتی خۆی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێ بڵاو کردۆتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو پێشمەرگەیە نەخۆشیشی هەبووە و ڕووداو بەداخەوە ڕەچاوی دۆخی نەخۆشیەکەی نەکردووە لەبری ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار بکات تەنیا لەبەر وروژاندنی خەڵک و بەدەستهێنانی ڤیوی زیاتر ئیستغلالی ئازارەکانی ئەو پێشمەرگەیەی کردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە لەلایەن رووداوەوە فەرماندەیی زێرەڤانی هەڵسا بە بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە و دواجاریش دەرکەوت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر لەسەرەتای برینداربوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانە بۆ چاکبوونەوەی یارمەتیان داوە و هاوکاری کراوە و بە بەردەوامی ڕەچاوی دۆخی تەندروستی و ژیانی کراوە و بە بڕیاری لیژنەی پزیشکی، وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشینی کردووە.
پێویستە راگەیاندنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە هیچ شێوەیەک بۆ سەبقی خەبەری و ڤیوی زیاتر ئیستغلالی ئازار و بەرائەتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نەکەن.
راگەیاندنی فەرماندەیی زێرەڤانی
۱۸/۹/۲٠۲٥
دەقی لێدوانەکەی گوتەبێژی تۆڕی میدیایی رووداو
ئێمە لەسەر داوای خودی پێشمەرگەی خۆشەویست (عەدنان زوهێر) کە بە خوێن و گیانی خۆی بەرگریی لە کوردستان کردووە، داواکارییەکەیمان گەیاندووە. هەر خۆیشی هەموو شتێکی پێداوین و ئەو پێشمەرگەیەشی بۆ دۆزیوینەتەوە کە لە کاتی برینداربوونی دا لەگەڵی بووە.
رووداو شەیدای ڤیو نییە، بەڵکو پەرۆشی گەیاندنی دەنگ و داوای رەوای ئەو پێشمەرگانەیە کە پەیوەندی بە رووداوەوە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ