رووداو دیجیتاڵ
شێڵی ئەندریامیهاجی، یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەى نەوەى زێد، کە رێبەرایەتى خۆپیشاندانەکانى ماداگاسکاریان کردووە و بوونە هۆى لەکارلادانى سەرۆکى وڵاتەکە، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتى: "ترسمان لە دروستبوونى دەسەڵاتێکى سەربازى هەیە".
شێڵى پێشووتریش یەکێک بووە لە دەنگە ناڕازییەکانى دژ بە دەسەڵاتەکەى ئاندری راجویلینا، سەرۆکى هەڵاتوو و مانگێک بەر لە دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکان و دروستبوونى ناڕەزایەتییەکان، لەگوتارێکیدا لە دیدارى ئازادیی ئۆسلۆ، باسی لە بەخراپ بەکارهێنانى دەسەڵات و خراپی بارودۆخى خەڵک و گەندەڵییەکانى دەسەڵاتەکەى راجویلینا کرد، هەروەها داواى لە گەنجان و هاووڵاتییانى وڵاتەکەى کرد کە راپەرن.
لە وەڵامى ئەوەى هۆکارى سەرەکى دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکان چی بوو و چى وایکرد زیاتر تەشەنەبسەنێت، ئەندریامیهاجى گوتى: "سەرۆکى هەڵاتوو هێمای قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵى و بەڕێوبردنی خراپ بوو. خراپی بارودۆخى هاووڵاتییان و نەبوونى خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان هۆکارى سەرەکیی دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکان بوون, بەڵام دواى بینینی بێباکى دەسەڵات و راوودوونان و دەستگیرکردنى رەخنەگران و خۆپیشاندەران, داواکارییەکانى خەڵک لە چاکسازییەوە گۆڕان بۆ لادانی سەرۆک لە دەسەڵات."
لە وەڵامى پرسیارى دواین بارودۆخى وڵاتەکە و خۆپیشاندانەکان، ئەندریامیهاجی گوتى: "ئێستا لە بارودۆخێکى زۆر ناڕوونداین، لەلایەک دڵمان خۆشە، کە یەکێک لە ئامانجەکانى خۆپیشاندانەکەمان سەریگرتووە و سەرۆکى وڵات هەڵاتووە، لەلایەکى دیکەش ترسمان لەو دەسەڵاتە "کاتییە" هەیە کە سوپای وڵات بەڕێوەى دەبات. راستە سوپا یارمەتیدەربووە و بڕیاریداوە لە ماوەى دوو ساڵ هەڵبژاردنێکى گشتى بکرێت، بەڵام بۆ درووستکردنی ئەو دەستە حکومڕانییەى ئێستا هیچ پرسێکى بە ئێمە نەکردووە."
هەروەها گوتیشى: "پێشهاتەکان خێرا روودەدەن و هیوادارین ئەو گۆڕانکارییانە زوو بکرێن و بەڵێنەکان درۆ نەبن، بەو دەسەڵاتە کاتییەش دەڵێین: ئێمە خاوەن ئەم جوڵانەوە و شۆڕشەین، بۆیە ئێمەش دەبێ لە بەڕێوبردنى وڵاتدا قسەی خۆمانمان هەبێت."
لەبارەى گفتوگۆکردن لەگەڵ سوپاى وڵاتیش، ئەندریامیهاجی گوتى: "تاوەکو ئێستا گفتوگۆمان لەگەڵ نەکردوون، بەڵام هیوادارم ئەوە بکرێت و ئێمەش بەشێک بین لەو دەسەڵاتە کاتییەی وڵات بەڕێوەدەبات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ