فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوانی زیاتر لە 300 هەزار سەردانیکار دەکەن

18-10-2025
سۆران حوسێن
نیشانەکردن فێستیڤاڵی هەنار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ لە شاری هەڵەبجە فێستیڤاڵی هەنار بەڕێوەدەچێ. دەستەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە دەڵێ، چاوەڕوانن زیاتر لە 300 هەزار سەردانیکاریان هەبێت.
 
یەکێک لەلایەنە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگاکەیە. هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری پارێزگاکە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فێستیڤاڵ لە پێنجشەممە 30ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و 3 رۆژ بەردەوام دەبێت."
 
ئەم ساڵ 11ـەیەمین ساڵە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێ. ئەم خولەی فێستیڤاڵ هاوشێوەی پار  لە پارك و شاری یاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێ.
 
هەورامان جەلال گوتی، "ئامادەکارییەکان بەردەوامن و لە رێگەی تیروپشکەوە دووکان یان شوێنی فرۆشتنی بەرهەمەکان دراوە بە جووتیاران، باخەوانان و ئەو کەسانەی دیکە کە بەرهەمیان دەبێت."
 
بەرهەمەکان لە 550 دووکاندا دەفرۆشرێن
 
بۆ بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، جگە لە لیژنەی لاوەکی و گشتی، لیژنەی باڵا هەیە و لەلایەن چوار کەسەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
ئەرسەلان عابد، ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا ناوەکە فێستیڤاڵی هەنارە، ئەگەرنا هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکان و کارە دەستییەکان نمایش دەکرێن."
 
بۆ فێستیڤاڵی ئەم ساڵ، 550 دووکان ئامادە دەبن. ئەرسەلان عابد گوتی، "250 دووکان تایبەتن بە فرۆشتنی هەنار، بەرهەمە پاییزییەکانی دیکە، شیرەمەنی، هەنگوین و خۆراکە وشکەکان، کە خۆماڵی بن."
 
نزیکەی 200 دووکانی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە ئەم ساڵ تایبەت دەبن بە خواردنگە و فرۆشتنی خواردن. بە گوتەی ئەرسەلان عابد، دەبێ هەموو ئەو خواردنانەی پێشکێشی میوانەکان دەکرێن، کوردەواری دەبن.
 
بەهۆی زۆریی خواست لەسەر دووکانەکانی فێستیڤاڵ و سنوورداربوونی ژمارەی دووکانەکان، سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە دەیانەوێ هەفتەبازاڕێکیش بکەنەوە، بەڵام هێشتا لەسەر چۆنێتی هەفتەبازاڕەکە و شوێنەکەی بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
 
لیژنەی باڵا: چاوەڕێی 300 هەزار سەردانیکارین
 
ساڵانی رابردوو بۆ فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە گلەیی ئەوە دەکرا شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل و هاتووچۆ بۆ فێستیڤاڵەکە ئاستەنگی بۆ خەڵک دروستکردووە. ئەرسەلان عابد گوتی، لایەنی پەیوەندیدار لە ئامادەکاری بەردەوامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئاستەنگییەکان.
 
ئەرسەلان عابد هەنار دەڵێت، "پار زیاتر لە 285 هەزار سەردانیکار و گەشتیار هاتنە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە. بەگوێرەی پلانەکان، ئەم ساڵ چاوەڕێ دەکەین ژمارەکە 300 هەزار کەس تێپەڕێنێت."
 
ساڵی رابردوو 31ی مانگی 10 فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەستیپێکرد و 3 رۆژ بەردەوام بوو.
 
بەگوێرەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە، فرۆشی فێستیڤاڵەکە ساڵی رابردوو بایی "ملیارێک و 435 ملیۆن دینار بوو."
 
ساڵی رابردوو 285 هەزار هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەناریان لە هەڵەبجە کرد، ساڵی 2023 ژمارەکە 270 هەزار کەس بوو.
 
ئەرسەلان عابد گوتی، "ساڵ دوای ساڵ ژمارەی سەردانیکارانی فێستیڤاڵ زیاتر بووە، بۆیە ئەم ساڵیش بە هاوکاری میدیاکان چاوەڕوانی خەڵکی زیاتر دەبین."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە و ئەو سنوورە زۆر جار بە پایتەختی هەنار ناودەبرێت.
 
ئەرسەلان عابد ئاماژەی بەوەکرد، "ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵی هەنار برەودانە بەبەرهەمی نێوخۆیی و بەبازاڕکردنی بەرهەمی باخەوانان، جووتیاران و کاسبکارانی ناوچەکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی سەرۆک بارزانی، ئۆجەلان و ئەردۆغان

سەرۆک بارزانی: دەستخۆشی لە بەڕێزان ئەردۆغان و ئۆجەلان دەکەم و بۆ ئاشتیی پشتیوانیانم

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی تایبەتدا کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستەنبووڵ خوێندراویەوە رایگەیاند، "هەموو پشتیوانییەکی پڕۆسەی ئاشتی دەکەم."