رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی کفری دەڵێ، لە دوو ساڵی رابردوودا بایەخێکی زۆر بە قەزاکە دراوە و توانراوە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ بکرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 2 هەزار پارچە زەوییان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران تەرخانکردووە.
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان، میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو و باسی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە کرد و گوتی، لە دوو ساڵی رابردوودا بایەخێکی باش بە قەزاکەیان دراوە و توانراوە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە سێکتەرە جیاوازەکان جێبەجێ بکرێن.
بە گوتەی ساهیر عەلی، پڕۆژەی رێگەی کفری- قەرەبڵاخ بە گوژمەی 7 ملیار دینار تەواوکراوە کە نزیکەی 20 کیلۆمەترە و 24 گوندی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن. لەنێوشاری کفریش، پڕۆژەی قیرتاو و کۆنکرێتی گەڕەکی راپەڕین بە گوژمەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار تەواو کراوە؛ هەروەها جووتسادی گەڕەکەکانی هەواری نوێ و شۆڕیش لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
قایمقامی کفری باس لە پڕۆژەکانی پترۆدۆلار دەکات و دەڵێ، پڕۆژەی خزمەتگوزاری چوار گەڕەکی کۆنی شارەکە بەهۆی ئەوەی لەسەر پترۆدۆلار بوون لە ساڵانی رابردوودا راگیران، بەڵام ئێستا هەموو رێکاری یاسایی و کارگێڕییان تەواوکراوە و ئامادەن بۆ وەگەڕخستنەوە، بەڵام گرفتی نەختینەیان هەیە و پێویستە حکومەت تایبەتمەندییەک بداتە ئەو پڕۆژانە.
ساهیر عەلی باس لە پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی و نەخۆشخانەیەک لە شارەکە لەلایەن دوو وەبەرهێنەرەوە دەکات و دەڵێ، قوتابخانە 18 پۆلییەکە تەواوبووە و ئێستا نزیکەی هەزار قوتابی تێیدا دەخوێنن، هەروەها نەخۆشخانەیەکی ژنان و منداڵبوونیش لەلایەن سەرمایەدارێکەوە بە گوژمەی ملیارێک دینار دروستکراوە و لەماوەی ئەم مانگەدا دەکرێتەوە.
ساهیر عەلی گوتی، لە سێکتەرەکانی شوێنەوار و گەشتوگوزاردا چەند رێکخراو و سەرمایەدارێک هاوکارییان دەکەن، لەوانە رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت و رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی لە نۆژەنکردنەوەی شوێنە کەلەپووری و شوێنەوارییەکانی قەزاکەدا.
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی کفری - سلێمان بەگ کە رێگەیەکی گرنگی نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک و سەڵاحەدینە، لە قۆناخی جێبەجێکردندایە. ساهیر عەلی دەڵێت، لە قۆناخی یەکەمدا لە سلێمان بەگ تاوەکو قۆریچای لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین لە جێبەجێکردندایە و ئەو بەشەیشی لە پارێزگای دیالەیە، بڕیارە بە زووترین کات دەستپێبکات.
لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، قایمقامی کفری ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوییان ئامادەکردووە بۆ دابەشكردن و لە قۆناخە کارگێڕیی و یاساییەکاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ