رووداو دیجیتاڵ
شەوی پێنجشەممە سیستمی دابەشکردنی غازی ماڵی حاجی مەزهەر سیرێ لە گەڕەکی کازیوە دووی شاری سلێمانی دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە [کاژێر 13:00ی نیوەڕۆی رۆژی هەینیی] 15 تەرم دۆزراونەتەوە و 12 کەسیش رزگاریان بووە. بە گوتەی ئامۆزایەکی خاوەن خانووەکە هیچ ئاهەنگێکی لەدایکبوون نەبووە و تەنیا کۆبوونەوەی کوڕان و کچانی خاوەن ماڵ و خزمەکانیان بووە. بەپێی قایمقامی سلێمانی تەقینەوەکە لە سیستمی دابەشکردنی غازی ماڵەکە روویداوە و تانکی غازەکە کێشەی نەبووە.
کاژێر 07:38 خولەکی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022 دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە سلێمانی بیسترا و دواتر دەرکەوت کە خانوویێکی سێ نهۆمی بەهۆی ''تەقینی تانکیی غازەوە'' بە تەواوی رووخاوە و چەند ماڵێکی دیکەش زیانیان پێگەیشتووە کە بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش برینداربوون کە دووانیان لە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانین.
تەقینەوەکە لە نێو شاری سلێمانی و لە ماڵی حاجی شێخ مەزهەر سیرێ بووە؛ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە تەقینەوەکە بەهۆی غازی LPG بووە."
رووداوەکە کاردانە و هاوخەمیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، جگە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هاوخەمیی دەربڕی، لەسەر ئاستی جەماوەریش لەهەموو شارەکانی کوردستانەوە رووداوەکە کاریگەریی گەورەی لێکەوتەوە.
15 تەرم دۆزراونەتەوە و 12 کەسیش برینداربوون و یەک کەس بێسەروشوێنن
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، دوای زیاتر لە 13 کاژێر لە رووداوەکە، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی گوت: "لەرووی کارکردنەوە تیمێکی هاوبەشمان بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی دروستکردووە کە لە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، گرووپی ئەندازیاریی شارەوانیی سلێمانی، گرووپی JCC، بەهاوکاریی ئامێرەکانی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە کە شارەزاییان لە شکاندنی کۆنکرێت و بڕینەوەی هەیە، بە یارمەتیی هێزە ئەمنییەکان لە لیوای یەک و پۆلیسی هاتووچۆ و ئاسایش و پۆلیس و هێزەکانی دیکە و تیمی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی سلێمانی و تیمی تەندروستی لە کاژێر 8ـی شەوی پێنجشەممەوە سەرقاڵی کردنن و هێشتا بەردەوامە."
سەبارەت بە دەمەوەهاتنی لایەنەکان و بەردەوام بوونی پرۆسەی گەڕان بە دوای کەسانی ژێر باڵەخانەکە، پارێزگاری سلێمانی گوتی: "هەموو لایەنەکان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن و پشتیوانی و هاوخەمییان دەربڕیوە و تواناکانمان لەبەردەستدایە و پێویستمان بە رێگەپێدانی خەڵک و کاتە، بڕوامان وایە کاتێکی زۆری نەماوە، چونکە ئێستا تیمەکان گەیشتوونەتە دوا نهۆم و دوا ژووری خانووەکە کە گومان دەکرێت ئەو خەڵکانەی ماون لەوێ بن."
هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کاژێر 10ـی بەیانی ئاماری قوربانییەکانی ئاشکرا کرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا بەپێی زانیاریی ئەو خۆشەویستانەی کە لە شوێنەکە بوون، هێشتا چارەنووسی چوار کەسیان دیار نیین، بەڵام لە پڕۆسەی دۆزینەوەیەدا ژمارەی تەواومان دەست دەکەوێت، تاوەکو ئێستا بەهۆی رووداوەکەوە 10 گیانیانلەدەستداوە، 13 کەسیش رزگارکراون و برینداربوون." بەڵام دواتر پارێزگاری سلێمانی گوتی، ژمارەکە بۆ 15 گیانلەدەستدان بەرزبووەتەوە.
خزمێکی خاوەن ماڵەکە: حەوت برینداری رووداوەکە لە نەخۆشخانە ماون
بەیانیی رۆژی هەینی، 18-11-2022، نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەی شار، کە بریندارەکانی رووداوی تەقینەوەکەی شەوی پێنجشەممەی سلێمانیی لێ خەوێنراون، لەگەڵ هەردی، ئامۆزایەکی بەشێک لە بریندارەکانی رووداوەکە قسەی کرد. سەبارەت بە ژمارەی بریندارەکان بە روودای گوت: "حەوت بریندار لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، مامم کە حاجی مەزهەر و کچێکی و دوو بووکی و دوو کوڕەزای خۆی و لەگەڵ هاوژینی وەستا حوسێن گۆڵکار ئەو وەستایەی کە کاری شۆڤاژەکەی بۆ کردووە."
سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکانیش، کەسوکارەکەی بەشێک لە بریندارەکان گوتی: "هەموویان باشن، دوو کەسیان لە چاودێریی چڕدان، مامم مەزهەر نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت، چونکە قاچی شکاوە، نەشتەرگەرییەکی دیکەش دەکرێت بۆ سەری کە ئەزیەتی پێگەیشتووە، یەکێک لەوانەی لە چاودێریی چڕدان دوو کەسن یەکێکیان تەمەنی 17 ساڵ و ئەوی دیکەشیان 13 ساڵە."
سەبارەت بەوانەی گیانیان لەدەستداوە و نزیکییان لە حاجی مەزهەرەوە، هەردی گوتی"یەکێکیان خێزانی حاجی مەزهەرە و یەکێکیان خوشکی خێزانەکەیەتی، یەکێکیان ئەو پیاوەیە کە کاری غازەکەی بۆ کردووە، ئەوانی دیکەش منداڵن، واتە پێنج ئافرەت و ئەوانەی باسمکردن، دوو منداڵی دیکەش دەرهێنراون."
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ماون و هێشتا چارەنووسیان نادیارە، هەردی گوتی، "چوار کەس ماون و ئومێدمان هەیە ئەوان لە ژیاندا مابن، ئەوانەی دیارنین سێ منداڵن لەگەڵ کوڕێکی تەمەن 21 ساڵە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کەسوکاری ئەوانەی کە لە رووداوی تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، چاوەڕوانی دەرهێنانی هەموو تەرمەکانن بۆ ئەوەی دواتر بە بیاننێژن و پرسەیان بۆ دابنێن، پرسەکان لەیەک شوێندا و بۆ هەموویان بەیەکەوە دەبێت.
قایمقامی سلێمانی: تەقینەوەکە بەهۆی تۆڕی دابەشکردنی گازی ماڵەکەوە بووە
رۆژی هەینی، ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی، لەبارەی هۆکاری ئەو رووداوەکە بە رووداوی رایگەیاند: "ئەوەی کە دەست ئێمە کەوتووە وەکو زانیاریی سەرەتایی هۆکاری تەقینەوەکە لێچوونی غازبووە و دواتر ئەو لێچوونە زۆربووە و پەنگی خواردووەتەوە و بووەتە هۆی تەقینەوە و رووخانی خانووەکە و ئەو سێ نهۆمە بەسەر یەکدا، تانکییەکە زیانی پێنەگەیشتووە هیچ کێشەیەکی نەبووە، بەڵکو کێشەکە لە تۆڕی دابەشکردنی ئەو گازەیە لەو خانووە."
لەبارەی سیستمی شۆڤاژ و گازی ماڵانەوە، روونیکردەوە: "راستە ئێمە کەوتووینەتە وەرزی سەرماوە و پێویست دەکات شۆڤاژی ماڵەکانیان هەڵبکەن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پێش ئەوەی شۆڤاژەکانیان بخەنە ئیش دڵنیاببنەوە لەوەی سیستمەکانیان بە باشی کار دەکات، ئەوەش لە رێگەی ئەو کۆمپانیا و ئەندازیارانەی شارەزان لە سیستمی شۆڤاژ و دانانی سیستمی پارێزگاری لە ماڵەوە."
هەروەها داوای ئەوەی لە خەڵک کرد ئەوانەی دەیانەوێت سیستمی گەرمکردنی شۆڤاژی ماڵان دابنێین لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە کارەکە بکەن کە لەلایەن حکومەت و بەرگریی شارستانییەوە مۆڵەتیان هەیە.
خزمێکی قوربانییان: ئەگەری هەبوو ژمارەی قوربانییان زیاتر بن
سەردار شێخ سدیق، کە ئامۆزای حاجی مەزهەری خاوەنی ماڵە تەقیەوەکەیە، لەنەخۆشخانەوە بەیانی رۆژی هەینی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "ئەوانەی دەرچوون لە بریندارەکان منداڵ و ژنیان تێدایە، ئەوانەی ماون بریندارن و هەندێکیان سووتاون و یەکێکیان قاچی شکاوە، بۆریی گازەکە هەمووی لەیەک کاتیدا تەقیوەتەوە و ئاگرێکی زۆر بە ماڵەکەدا بڵاوبووەتەوە."
لەبارەی قوربانییەکانی رووداوەکەش، سەردار شێخ سدیق گوتی: "زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە کوڕەکانی حاجی مەزهەر کە خاوەنی ماڵەکەیە نەخۆش بووە، ئیدی بەشێک لە گەنجەکان کە ئەو شەوە لەوێ بوون لەگەڵی رۆیشتوون بۆ نەخۆشخانە، ئەگەر نا ژمارەی قوربانییەکان زیاتریش دەبوو."
حاجی مەزهەر دوو کوڕ و دوو کچی هەیە. ئامۆزاکەی گوتی: "لە رۆژانی پێنجشەممە هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵی باوکیان و هەشت نەوەی هەبووە، لە ماڵەکەدا تەنیا حاجی مەزهەر و هاوژینەکەی ژیاون، بەڵام هەموو شەوێک میوانی هەبووە." رەتیشیکردەوە هیچ ئاهەنگێکی لەدایکبوون لەو ماڵەدا هەبووبێت.
خانووەکە کە سێ نهۆم بووە، سێ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن حاجی مەزهەرەوە دروستکراوە و رووبەرەکەی نزیکەی 150 مەتر دووجا بووە.
لەبارەی ژمارەی ئەوانەی کە لەکاتی رووداوەکە لەوێ بوون، سەردار شێخ سدیق گوتی: "لە کاتی رووداوەکەدا نزیکەی 30 کەس لەوێ بوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون."
وەستای شۆفاژەکە گیانی لەدەستدا
کەسێکی نزیک لە حوسێن گوڵکار کاژێر 3:00ی بەیانیی رۆژی هەینی 18-11-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاک حوسێن گوڵکار کەسی نزیکی منە و یەکێکە لەو کەسانەی کە لە تەقینەوەکەدا گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی ئەو کەسە کە قسەی بۆ رووداو کردووە، حوسێن گوڵکار ماوەی 40 ساڵە وەستای شۆفاژە و خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو خێزاندارە و دوو منداڵی لە دوای خۆی جێهێشتووە بە ناوەکانی کاوە و پەریسا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە کەسێکی نزیکی ئەو وەستایە دەستی کەوتووە "هاوژینەکەیشی لەو ماڵەدا بووە کە رووداوەکەی تێدا روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە و نازانرێت کە ماوە یان گیانی لەدەستداوە."
حوسێن گوڵکار وەک وەستای سیستمی غاز لە ماڵەکەی ئەودا کە رووداوەکە روویداوە کاری کردووە و چەند شایەتحاڵێکیش بۆ رووداو باسیان لەوەکرد کە پێش تەقینەوەکە بۆنی غاز هاتووە و "تەقینەوەکەش بەهۆی سیستمی غازی LPG ماڵەکەوە روویداوە." هەروەها پارێزگاری سلێمانیش ئەوەی راگەیاند کە "بەشی تەقینەوەی ئاسایشی سلێمانی دوای لێکۆڵینەوە دووپاتی کردووەتەوە رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی تەنکی غازی سەربان روویداوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ