کۆنسووڵی گشتی تورکیا بۆ رووداو: نێچیرڤان بارزانی رۆڵ لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەگێڕێت

18-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پڕۆسەی چارەسەریی وڵاتەکەی هەنگاوێکی چارەنووسسازە و دەکرێ رێڕۆی مێژوو لە ناوچەکەدا بگۆڕێ. ئەرمان تۆپچو رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە پڕۆسەکەدا بەرز دەنرخێنێت.

رۆژی سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی چەند پرسێک قسەی بۆ نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک کرد. 
 
کونسووڵی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە وڵاتەکەی لە دۆخێکی سەختی ناوچەییدا دەستیپێکردووە و گوتی: "ئەمە جۆرێکە لە خاوەندارێتیی ناوچەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەلایەن خۆمانەوە."
 
ئەرمان تۆپچو باسی لەوەشکرد، کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی لە تورکیا کە نوێنەرایەتیی 95%ی پارتە سیاسییەکان دەکات، بەردەوام کار لەسەر پڕۆسەکە دەکات و "لێرەش لە عێراق هەنگاوی هاوکات هەن کە بە یارمەتیی حکومەتی عێراق و بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنرێن. بۆیە هیوامان بە داهاتوو زۆرە."
 
سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە پرۆسەکەدا کۆنسووڵی تورکیا گوتی: "نێچیرڤان بارزانی کەسێکی زۆر ئازیزە لای ئێمە و بەم دواییە میوانی سەرۆکمان بوو. هەڵبەتە، پرۆسەی ئێستا [پڕۆسەی ئاشتی] یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوو. سەرۆک نێچیرڤان، وەکو هەموو سەرکردەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەشی خۆی لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا دەگێڕێت. ئێمەش زۆر سوپاسگوزارین."
 
کۆنسووڵی تورکیا لەبارەی پێدانی ڤیزەی وڵاتەکەی بە هاونیشتمانییانیش قسەی کرد و رایگەیاند، کارئاسانییان کردووە، بۆ نموونە، کەسانی خوار تەمەن 15 ساڵ و سەروو 50 ساڵ لە وەرگرتنی ڤیزە دەبەخشرێن. 
 
ئەرمان تۆپچو گوتی، دەرکردنی ڤیزە پڕۆسەیەکی کارگێڕیی گەورەیە و تێچووی هەیە؛ هەروەها رایگەیاند، ژمارەی داواکارییەکانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤیزە لە مانگەکانی هاویندا بەرزدەبێتەوە و هەندێکجار دەگاتە زیاتر لە 10,000 داواکاری لە مانگێکدا.
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: بەڕێز کونسووڵ، پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا هەیە. ئێوە تاوەکو ئێستا چۆنی دەبینن و تێڕوانینتان بۆ داهاتووی پرۆسەی ئاشتی چییە؟
 
کۆنسووڵی تورکیا: پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، وەک ئێمە ناوی دەنێین، لە دۆخێکی زۆر سەختی ناوچەکەماندا دەستیپێکردووە. بۆیە، پێموایە، [پڕۆسەکە] وەرچەرخانێکە، هەنگاوێکی زۆر چارەنووسسازە کە رەنگە رێڕۆی مێژوو لە ناوچەکەمان بگۆڕێت. ئەمە جۆرێکە لە خاوەندارێتیی ناوچەیی، چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەلایەن خۆمانەوە، نەوەک چاوەڕوانیی ئەوەی هۆکارە دەرەکییەکان دەستوەردان بکەن و کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن، تەنانەت لە رێگەی دروستکردنی کێشەی زیاترەوە. بۆیە پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێ. کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی لە تورکیا هەیە کە 95%ی هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا لەخۆدەگرێ. کارەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەدەچن، کۆبوونەوەکان ئەنجام دەدرێن و هەروەها لێرەش لە عێراق هەنگاوی هاوکات هەن کە بە یارمەتیی حکومەتی عێراق و بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنرێن. بۆیە هیوامان بە داهاتوو زۆرە. 
 
رووداو: رۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە گشتی لەم پڕۆسەیە چۆنە؟
 
کۆنسووڵی تورکیا: بەدڵنیاییەوە، نێچیرڤان بارزانی، وەک دەزانن، کەسایەتییەکە زۆر ئازیزە لامان. بەڕێزیان لەم دواییانەدا میوانی سەرۆکمان بوو. هەڵبەتە، پرۆسەی ئێستا [پڕۆسەی ئاشتی] یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوو. سەرۆک نێچیرڤان، وەک هەموو سەرکردەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەشی خۆی لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا دەگێڕێ. ئێمەش زۆر سوپاسگوزارین.
 
رووداو: هەندێک جار پەکەکە، تورکیا تاوانبار دەکات و دەڵێ، ئێمە یەکلایەنە هەنگاو لە پرۆسەی ئاشتیدا دەنێین و تورکیا هێندەی ئێمە خێرا نییە. کۆمێنتی ئێوە لە وەڵامی ئەم لێدوانەی پەکەکەدا چییە؟
 
کۆنسووڵی تورکیا: پێموایە لە پرسێکی وەها هەستیار و چارەنووسسازدا، پێویستە هەموو کەسێک لە گوتار و لێدوانەکانیدا بەرپرسیار بێت. سەیرکە، ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە سەیری بکەین، ئەمە پرۆسەیەکی زۆر چارەنووسسازە؛ پرۆسەیەکی زۆر ستراتیژییە. ئەگەریش ئەم پرۆسانە بە گوتاری حەماسی بەڕێوەببرێن، ئەوە ئەستەمە. هیچ پرۆسەیەکی لەم شێوەیە، هیچ پرۆسەیەکی ستراتیژیی وەها، هەرگیز بە گوتار و لێدوان و شتی لەو جۆرە بەڕێوەنەبراوە، بەڵکو بە هەنگاوی کردەیی بەڕێوەدەبرێ. بۆیە، پێویستە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت کە چی روودەدات، نەک ئەوەی ئەم ئەکتەر یان ئەو ئەکتەر چی دەڵێت.
 
رووداو: خەڵکێکی زۆر لێرە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ گەشتوگوزار، تورکیا هەڵدەبژێرن، بەڵام گلەییان لە نرخ هەیە و دەڵێن نرخی ڤیزە زۆر بەرزە. هیچ پلانێک هەیە یان لە داهاتوودا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ کەمکردنەوەی نرخی ڤیزا؟
 
کۆنسووڵی تورکیا: باشە، هەندێک کەس هەن کە لە راستیدا ئەم جۆرە تۆمەت و رەخنانە ئاراستە دەکەن. بەڵام هەمووی زۆر ئاساییە. من سەیری ژمارەکان دەکەم، سەیری ژمارەی زۆری ئەو ڤیزانە دەکەم کە دەیدەینە برا و خوشکانمان لێرە. ئەگەر ئەوەش لەبەرچاو بگریت کە بەپێی ئەم هەنگاوە نوێیەی تورکیا، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ و سەروو 50 ساڵە، لە وەرگرتنی ڤیزە بەخشراون، پێموایە هەموو ئەم تۆمەتانە بێ بنەما دەردەچن. مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر بەراوردی بکەیت لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەوە پرۆسەیەکی گەورەیە، پرسێکی گەورەی بەڕێوەبردنە. چەندین هەنگاو هەن کە دەبێت بیانگریتەبەر بۆ پێدانی یەک ڤیزە. وەک ئەوە نییە لە پرینتەرەکەتەوە لە نووسینگەکەت چاپی بکەیت؛ پرۆسەیەکی گەورەیە، تێچووی خۆی هەیە. بۆیە ئاساییە کە نرخێکی دیاریکراوی هەبێت. بەڵام وەک گوتم، من سەیری ژمارەکان دەکەم. کۆنسووڵخانەکەی من یەکێکە لە گەورەترین کۆنسووڵخانەکانی وەزارەتی دەرەوەمان کە زۆرترین ژمارەی ڤیزەی دەرکردووە. بۆیە هیچ کێشەیەک لەوبارەیەوە نابینم. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ راییکردنی مامەڵەی داواکارییەکان لە ماوەیەکی کورتدا. لە دهۆک، زاخۆ، هەولێر، سلێمانی، نێوەندی ڤیزامان هەیە بۆ پێدانی ڤیزە. هەموو شتێک، هەموو بەشێکی کارەکە بەپێی پلان بەڕێوەدەچێت. ئەگەر سەیری ژمارەکانیش بکەیت، خەڵک دڵخۆشن و ئێمەش دڵخۆشین.
 
رووداو: ساڵانە چەند ڤیزە دەدەن؟
 
کۆنسووڵی تورکیا: دەزانی، ئەوە بەڕاستی پەیوەستە بە مانگەکەوە. ناتوانم ژمارەیەکی دیاریکراو بدەم، بەڵام لە مانگەکانی هاویندا زۆر بەرز دەبێتەوە، چونکە بەهۆی گەشتیارییەوە، خوشک و براکانمان حەز دەکەن سەردانی وڵاتەکەمان بکەن و ئێمەش زۆر دڵخۆشین. هەندێکجار، لە مانگێکدا دەگاتە زیاتر لە 10,000 داواکاری. بەڵام لە مانگەکانی دیکەی ساڵدا کەم دەکات، چونکە هاتووچۆ کەم دەبێتەوە. بەڵام بەگشتی ژمارەیەکی گەورەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە