بەڕێوەبەری ئاوی لوڕستان: بەنداوەکان تەنیا 10%ـی ئاویان تێیدا ماوە

18-11-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای لوڕستان لەبارەی قەیرانی ئاو لە پارێزگاکە هۆشداری دەدات و دەڵێت، قەبارەی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکان زۆر کەمی کردووە و تەنیا 10٪ی توانای خۆیان ئاویان تێیدا ماوە.
 
ئارەش حوسێن نەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای لوڕستان رۆژی دووشەممە رایگەیاند، قەبارەی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگاکە لە 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمێک زیاترە، کە بەراورد بە پار 50% کەمیکردووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای لوڕستان، لە مانگی یەکەمی پاییزی ئەم ساڵ تەنانەت دڵۆپێک باران لە سنووری پارێزگاکە نەباریوە، لە کاتێکدا لە درێژماوەدا تێکڕای بارینی باران لە مانگی یەکەمی پاییز لەو پارێزگایە لە نێوان 9 بۆ 11 ملیمەتر بووە.
 
لە پارێزگای لوڕستان شەش بەنداو هەن کە توانای گلدانەوەی زیاتر لە 208 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، بەڵام بە گوتەی ئارەش حوسێن نەژاد، بەنداوەکان ئێستا تەنیا 10%ی توانای خۆیان ئاویان تێیدا ماوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای لوڕستان، بە لەبەرچاوگرتنی کەمیی باران و دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکان و ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوەکانی پارێزگاکە، پێویستە بەکارهێنانی ئاو کەم بکرێتەوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگای لوڕستانی گرتەوە و تا کۆتایی رۆژی دووشەممە بەردەوام بوو.
 
بە گوتەی بەهروز مورادپوور، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی لوڕستان، لەم چەند رۆژەدا تێکرای بارینی باران لەسەر ئاستی پارێزگاکە 10.6 ملیمەتر بووە و زیاترین باران بە 26.8 ملیمەتر لە ناوچەی رومشکان و کەمترینی لە شاری ئەلیگودەرز بە 1.3 ملیمەتر بووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی لوڕستان هەروەها رایگەیاندووە، لە خوڕەمئاوا 16 ملیمەتر، لە بروجێرد 3.8 ملیمەتر، لە کۆیەشت 9.7 ملیمەتر، پوڵدوختەر 13.2 ملیمەتر، دووروود 2.4 ملیمەتر، ئەلشتەر 4.2 ملیمەتر، نوورئاباد 16.7 ملیمەتر، ئەزنا 5.8 ملیمەتر، ئیمان ئاباد 10.9 ملیمەتر، سپیددەشت 13.2 ملیمەتر ریملە 15.8 ملیمەتر و شول ئاباد 23.7 ملیمەتر باران باریوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.