رووداو دیجیتاڵ
میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان دەڵێت، 80%ـی کوردانی ئێزدی لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەژین و هەربۆیە پێویستە هەموویان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023، میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان، دوای دەنگدانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە شێخان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجام دا و داوای لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد بچن دەنگ بدەن.
میری کوردانی ئێزدی گوتی، "بە ئێزدییەکان دەڵێم، ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر گرنگە و بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەنە ئەو نوێنەرانەی دەتانەوێت."
میر تەحسین بەگ گوتی، 80%ـی ئێزدییەکان لە پارێزگای نەینەوان و داوای کرد بۆ ئەوەی "بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان و کوردستان بکەن"، بەتایبەت لە شێخان و شنگال و شوێنەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا بچن دەنگ بدەن.
میر حازم تەحسین بەگ ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەنگی داوە و دڵخۆشە و هەڵبژاردنەکەی بۆ ئێزدییەکان بە "زۆر گرنگ" پێناسە کرد.
بەشی زۆری کوردانی ئێزدی خەڵکی سنووری شنگالن کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 3-8-2014، نزیکەی 360 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە و کۆچبەر بوون؛ ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەسیان لە کامپەکانی دهۆک دەژین و زیاتر لە 100 هەزاری دیکەیان لە دەرەوەی کامپەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەژین؛ هەروەها زیاتر لە 120 هەزار کوردی ئێزدیش چوونەتە دەرەوەی وڵات.
دەنگدانەکە ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023 کاژێر 07:00ـی بەیانیی لە 15 پارێزگای عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەردەوامە.
ئەمڕۆ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگادا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ