دەستەی مافی مرۆڤ: 500 زیندانی چاکسازییەکان سزای لەسێدارەدانیان هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
 بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ رایگەیاند، 500 زیندانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. ''زۆریی سزادراوان، سیستمی چاکسازیی نێو چاکسازییەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025، تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، کۆمەڵێک هۆکاری سەبارەت بە قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان خستەڕوو.
 
تاڤگە عومەر رایگەیاند، ئەو ژێرخانەی کە لە هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازییەکان هەیە گونجاو نییە، ''چونکە توانای چاکسازییەکان لەئاست ئەو ژمارە زۆرەی سزادراوان نییە.''
 
لە هەرێمی کوەردستان شەش چاکسازیی گەوران و ژنان و منداڵان هەن کە توانای لەخۆگرتنی سێ هەزار و 300 سزادراویان هەیە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زۆر قەرەباڵخن و شەش هەزار کەسیان تێدایە. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ، دواکەوتنی دۆسیەی دەستگیرکراوان بە کێشەیەکی دیکەی قەرەباڵخیی چاکسازییەکان دەزانێت و دەڵێت، ''هەندێک جار لەلایەن دادگەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگە و کەمیی دادوەر یان فەرمانبەری یاسایی پێویست، یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی تاوان دوادەکەون، ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکان کە تایبەتە بە بەشەکانی گرتن و گواستنەوە.''
 
تاڤگە عومەر وەک هۆکارێکی دیکەی قەرەباڵخیی چاکسازییەکان ئاماژەی بە دەستگیرکراوانی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر کرد و گوتی، ''بەگوێرەی یاسا، بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر وەک قوربانی تەماشا دەکرێن، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی سەنتەری شیاندنەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی پێویست بۆ سزادراوان، ئەم ژمارە زۆرەی بەکارهێنەران لەنێو چاکسازییەکاندا ماونەتەوە.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرجەم چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا 500 کەس هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە؛ ''تاوەکو ئێستا دۆخی یاسایی ئەم کەسانە دیار نییە، چونکە سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت.''
 
''سیستمی چاکسازی وەک پێویست جێبەجێ ناکرێ''
 
تاڤگە عومەر ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی زۆریی سزادراوان لە چاکسازییەکاندا، سیستمی چاکسازی وەک پێویست جێبەجێ ناکرێ، ''کەمیی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونیش یەکێکە لەو گرفتانە و هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەشێک لە سزادراوان بەتایبەتی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر، دوای ئازادکردنیان بگەڕێنەوە بۆ تاوان.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ، 100 بۆ 300 سزادراو و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر هەن، کە دوای ئازادکردنیان، تاوانیان کردووە و دووبارە دەستگیرکراونەتەوە، ''پێویستە ئەو کەسانە بە تەواوی کاریان لەسەر بکرێ، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە بۆ تاوان.''
 
وەک تاڤگە عومەر دەڵێت، قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە ''لە هەندێک چاکسازییەکاندا شوێن بۆ 900 کەس دروستکراوە، بەڵام نزیکەی دوو هەزار کەسی تێدا راگیراوە. ئەوە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەبینرێت.''
 
سزادراوانی بیانی و شارەکانی دیکەی عێراق هۆکارێکی دیکەی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ گوتی، ''چەندینجار داوامان کردووە کە ئەمانە بگوازرێنەوە بۆ شارەکانی خۆیان، بەڵام ئەو سستییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە هەیە، وایکردووە سزاداراوان لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە. ئەوەش بارگرانییەکی مادیی زۆری خستووەتە سەر حکومەت.''
 
بەگوێرەی ئەو پۆلێنەی کە لەلایەن تاڤگە عومەرەوە خرایەڕوو، بەگشتی سزادراوانی تاوانی کوشتن زۆرترین رێژەی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، دواتر بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر، هەروەها لە پلەی سێیەمدا تاوانی دزیکردن دێت و پاشان تاوانەکانی دیکە. 
 
24ـی تشرینی دووەمی 2025 کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی قەرەباڵخیی چاکسازییەکان بە رووداوی گوت، دوو پێشنیازیان خستووەتە بەردەم سەرۆکی حکومەت؛ ''یەکەم چاکسازییەکی گەورەی پێنج هەزار کەسی دروست بکرێت کە بەڕێزیان پێشنیازەکەی پەسند کردووە و زەویمان وەرگرتووە، بەڵام ئەمە پێویستی بە 50 ملیۆن دۆلارە، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە زەحمەتە ئێستا جێبەجێ بکرێت.''
 
کوێستان محەممەد لەبارەی پێشنیازی دووەمیان بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان دەڵێت: ''پێشنیازمان کرد لێبووردنی گشتی دەربچێت، بەڕێزیان (سەرۆکی حکومەت) لیژنەیەکی باڵای دروست کرد، پڕۆژەیاساکە ئامادە کرا. ئێستا دوو پڕۆژە یاسا لەوبارەوە ئامادەن، یەکەمیان پڕۆژەیاساکەی حکومەت و دووەمیان پڕۆژەیاسای 10 پەرلەمانتاری خولی پێشوو، دەکرێ لە وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەماندا هەردوو پڕۆژەیاساکە یەکبخرێن و دواتر بکرێنە یاسای لێبووردنی گشتی."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی پاسپۆرتی سلێمانی پەنجەمۆر بە ژنێک دەکات

پاسپۆرتی سلێمانی: بەبێ نۆرەگرتن پاسپۆرت بۆ دانیشتووانی چەمچەماڵ دەردەکەین

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، خەڵکی چەمچەماڵ بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن. راشیگەیاند، نووسراویان بۆ بەغدا کردووە تاوەکو ئەوانەی مامەڵەکانیان بەهۆی لافاوەوە تێکچووە، لە رسومات ببەخشرێن.