رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی کاتیی ئێستای پەرلەمان دەست لەکار بکێشێتەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمانتارێکی یەکێتی جێگەی دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بانگهێشتی هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی کرد، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، درێژە بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بدەن، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان؛ بە پێچەوانەوە ئەوان بەرپرس نین لە لێکەوتە یاسایی و سیاسییەکان.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بە هەر هۆکارێک ئامادە نەبێت لە دانیشتنی پەرلەمان ئەوە جێگرەوەی بۆ دادەندرێت."
02-12-2024، بەربژێرانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان، پەرلەمانتاری بەتەمەنی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو.
محەممەد سلێمان بە تەمەنترین ئەندام پەرلەمانە و لە دایکبووی ساڵی 1948ـە. هیوا نەسرەدین دەڵێت، "دووەم بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمانی کوردستان، ئازاد محەممەدە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە دایکبووی ساڵی 1960ـە، ئەگەر سەرۆکی ئێستا دەستی لە کار کێشایەوە، ئازاد محەممەدە دوای رەزامەندیی خۆی دەبێتە جێگرەوەی."
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "سێیەم بە تەمەنترین ئەندام پەرلەمان سەمیرە حەسەن حەمیدە، لە فراکسیۆنی پارتی لەدایکبووی ساڵی 1962ـە، ئەگەر ئازاد محەممەد نەیویست ببێت بە سەرۆکی کاتیی پەرلەمان، سەمیرە حەسەن حەمید دەتوانێت."
دوێنێ 18-1-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نەوێ، بڕیارەکانی جووڵانەوەکەی سەبارەت بە بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند، گوتی، "ئەگەر لایەنەکان بۆ دێژەدان بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان ئامادە نەبن، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان کە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێیە دەست لەکار دەکێشێتەوە."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 15 کورسییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ