رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک فراکسیۆنێکی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەندی رۆژی رابردووی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوێنێ یەکشەممە، بۆ ئەو مەبەستە نووسراوی ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، سۆران عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو زیانی زۆر بە موڵک و ماڵی خەڵک و پرد و رێگەوبان کەوتووە، بۆیە داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە قەرەبوونی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی سێ ساڵە (2023، 2024 و 2025) بڕی 500 ملیار دینار بۆ بودجەی فریاگوزاریی و رووداو و کارەساتە سرووشتییەکان تەرخانکراوە. سۆران عومەر دەڵێت، داوای لە سەرۆکوەزیران کردووە رەزامەندی بدات لەو بودجەیە قەرەبووی زیانلێکەتووان بکرێتەوە.
بەگوتەی سۆران عومەر کە هاوکات ئەندامی لیژنەی ئابوورییە لە پەرلەمانی عێراق، "بەپێی یاسای بودجە، سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی دەتوانن لە بودجەی فریاکەوتن، سێ ملیار دینار خەرج بکەن، ئەگەر لەم بڕە زیاتر بێت، پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانە".
سۆران عومەر داوای کردووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە پارێزگاکان و وەزارەتی دارایی فیدراڵی، قەرەبووەکە بەسەر زیانلێکەوتووان دابەش بکەن، بەگوتەی خۆی "تاوەکو بە پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەسەر خەڵک و ناوچە زیانلێکەوتووەکان دابەش بکرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ