رووداو دیجیتاڵ
ئەم هاوینەش بێ ئاوی یەخەی دانیشتووانی قەزای چەمچەماڵ دەگرێتەوە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزاکە دەڵێت، 30%ـی پڕۆژەی ئاوی قەزاکەیان تەواو کراوە و پێویستیان بە خەرجکردنی پارەیە.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە پڕۆژەکە نەوەستاوە و تاوەکو ئەمڕۆ 30%ـی کارەکانی تەواو کراوە".
چەمچەماڵ کەمئاوترین شاری هەرێمی کوردستانە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، لەو وەرزەدا دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکان دەگاتە 12 رۆژ جارێک.
بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ گوتی: "ئەگەر پێشینەی پارە بۆ وەبەرهێنەر خەرج بکرێ، هەشت مانگی دیکە پڕۆژەکە تەواو دەبێ، بەڵام لە هەموو ئەگەرێکدا بۆ هاوینی ئەم ساڵ تەواوکردنی قورسە و تەواو ناکرێ".
بودجەی پڕۆژەکە لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانییە، بەڵام لە پشکی داهاتی نێوخۆی پارێزگای سلێمانی.
چاوەڕوان دەکرێت بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، کێشەی زیاتر لە 10 ساڵ کەمئاویی چەمچەماڵ چارەسەر ببێت.
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە 26ی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ی حوزەیرانەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، بەگوێرەی پلانی دانراو، بڕیارە 26-06-2026 تەواو ببێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ