رووداو - ئاکرێ
ئەم ساڵ نەورۆزی ئاکرێ بە شێوازێکی جیاواز و بە رێنمایی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەدەچێت. ئاھەنگی جەماوەری نابێت و تەنیا یاریی ئاگرین و ئاگر لە لووتکەی شاخەکانی ئاکرێ ھەڵدەکرێت، یارییە ئاگرینەکان ئامادەکراون و شەقام و کۆڵانەکانیش رازێندراونەتەوە.
لە ئاکرێ بە بەهای 50 هەزار دۆلار یاریی ئاگرین کڕدراوە و ئامادەکراوە بۆ بەکارهێنانی لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ.
گرووپێکی 200 کەسیی خۆبەخش کە لە گەنج و لاوی ئاکرێ پێکهاتووە، ساڵانە پێش کردنەوەی ئاگری نەورۆز ئامادەکارییەکان دەکەن. ئەمساڵیش دوای 20 رۆژ کارکردن توانییان 200 مەشخەڵ ئامادەبکەن بۆئەوەی لە ئێوارەی 20ی ئادار بۆ کردنەوەی ئاگر بەکاریبهێنن.
ئامادەکارییەکانی کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ بەرەو کۆتایی دەچێت، تیمێکی ئەندازیاریی تورکی یارییە ئاگرینەکانیان ئامادەکردووە کە قەبارەی یارییە ئاگرینەکان 67 بۆ 203 ملیمەتر دەبن.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا چوار ئاڵای کوردستان کە یەکێکیان 65 مەتر درێژ و 12 مەتر پانە لە بەشی سەرەوەی چیاکانی دەوروبەری ئاکرێ هەڵدراون. بەپێی رێنماییەکان، رێگە بە ئاهەنگی جەماوەری نادرێت و رێگەی سەرێ گری کە جێگەی ئاهەنگی ساڵانەی نەورۆزە، دەگیرێت و بە تەنیا یاری ئاگرین لەوێوە هەڵدەدرێن.
سەرەڕای رێگریکردن لە کۆبوونەوەی خەڵک، بەڵام سەدان گەشتیار گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانەوە چوونەتە ئاکرێ بۆ بینینی نەورۆزەکەی.
لە هەریەک لە گرێ تۆپ، کەلێ، کەلێی کۆن، تیشێ خرگا و چەندین جێگەی دیکە ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و زیاتر لە هەزار مەشخەڵکیش لەو شوێنانە هەڵدەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ