رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر، 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەو پارەیە رێکارە بۆ ناردنی مووچەی مانگی 10 لە لایەن بەغداوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا، سبەی سێشەممە، 23-12-2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت و چارەنووسی مووچەکانی مانگی 11 و 12 یەکلایی دەکرێتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
لیستی مووچەی مانگی 10 لە 25-11-2025 و لیستی مانگی 11 لە 07-12-2025 رادەستی بەغدا کراون، هەروەها لیستی مووچەی مانگی 12ش لە 16ی ئەم مانگەدا نێردراوە.
29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ