دوو پەرلەمانتاری کورد: سوودانی 3 ملیار دینار و 100 لیتر نەوت بۆ چەمچەماڵ دەنێرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو کوردی دەرچوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، کە لە خولی پێشووش پەرلەمانتار بوون، لە دوو راگەیێندراوی جیادا دەڵێن، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە بە ناردنی سێ ملیار دینار و دابینکردنی 100 لیتر نەوت بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ.
 
موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم و دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژێک دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ پەیوەندیم بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و داوای هاوکاریم بۆ زیانلێکەوتووان کرد، رۆژی دواتر پەیوەندییان پێوەکردمەوە و رایانگەیاند، سەرۆکوەزیران داوای راپۆرتێکی وردی کردووە و منیش دواتر بۆم ناردن."
 
موسەنا ئەمین دەڵێت: "ئێستا ئاگادار کراومەتەوە کە سەرۆکوەزیران رەزامەندی داوە بە خەرجکردنی سێ ملیار دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ."
 
بەگوتەی موسەنا ئەمین، بڕیارەکە رەوانەی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە و لەوێ لە رێگەی لیژنەیەکەوە بڕیاری خەرجکردنەکە دەدرێت و دواتر وەزارەتی دارایی عێراق دوای رێکارەکانی دیکە خەرجی دەکات.
 
موسەنا ئەمین گوتی: "لیژنەکە ئەوەیان بە من گوتووە، بۆ خەرجکردنی پارەکە لیژنەیەک دروست دەکرێت و منیش ئەندامی لیژەنەکە دەبم وەکو خاوەنی داواکاریی هاوکارییەکە، بەڵام ماوەیەک کاتی پێویستە تاوەکو رێکارەکان تەواو دەکرێن".
 
ساڵح ماهوود، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی بۆ کاروباری بانکەکان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا لە هیچ نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە فەرمی ئاماژە بەو ناردنی سێ ملیار دینار بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ نەکراوە".
 
20ـی ئەم مانگە، دیلان غەفوور، کە دەرچوویەکی دیکەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە رایگەیاند، "وەک بەشێک لە ئەرکی سەرشانمان بۆ بەدەمەوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ بووین و توانیمان رەزامەندی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی وەربگرین بە پێدانی 100 لیتر نەوتی سپی بێبەرامبەر بە 2 هەزار خێزانی سنوری قەزای چەمچەماڵ".
 
رۆژی 09-12-2025 لافاو بەشێکی باشووری کوردستانی گرتەوە، چەقەکەی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری بوو لە پارێزگای سلێمانی.
 
رۆژێک دوای لافاوەکە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سوودانی "رێنمایی دایە سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری و پشتیوانی، هەروەها وەزارەتی دارایی راسپارد بۆ تەرخانکردنی بڕە پارەیەک بۆ دۆخی فریاگوزاری، بەمەبەستی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی بەهاناوەچوون بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو کەشوهەوا سەختەی کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو".
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری (ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان)، بەهۆی لافاوەکەی باشووری کوردستانەوە 5 کەس خنکان و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.
 
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو دوو شەو لە دوو بەرنامەدا نزیکەی 7 ملیار دیناری بۆ لێقەوماوانی لافاوەکە کۆکردەوە. 
 
15-12-2025 حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێ.
 
لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دابەشکردنی هاوکارییەکان لە سنووری چەمچەماڵ دەستیپێکردووە و دابەشکردن بەدەوام دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە