کوردستان
کۆبوونەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین لەگەڵ ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازیی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد و لەبارەی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، "هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی رێگەچارە بووە بۆ فەراهەمکردنی سەقامگیریی وڵات."
رۆژی سیشەممە 19ی ئاداری 2024 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازیی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە سەرۆک بارزانی و تەواوی گەلی كوردستان كردووە.
سەرۆك بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئیتاڵیای كردووە بۆ پێشكێشكردنی پیرۆزباییەكەی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و رایگەیاند، "نەورۆز بۆ كورد هێمای سەركەوتنە بەسەر تاریكیدا بە داگیرساندنی بڵێسەی ئازادی و ئاشتی."
لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ كران، سەبارەت بە راگەیێندراوی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن، سەرۆك بارزانی رایگەیاند، پارتی "هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی رێگەچارە بووە بۆ فەراهمكردنی سەقامگیری وڵات و چەسپاندنی دیموكراسی بەگوێرەی بڕگەكانی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق."
هاوکات سەرۆك بارزانی دووپاتی لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و سەرجەم مافە رەواكانی گەلی كوردستان كردەوە، "چونكە قەوارەكە لە دەستووردا چەسپێندراوە و لە ئەنجامی خەباتی دوورودرێژ و بەردەوام هاتۆتەدی."
وەکو لە راگەیێندراوی بارەگای بارزانیدا خراوەتەڕوو، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق تێگەیشتنی تەواوی خۆی بۆ دۆخەكە دەربڕی، دواتریش هەردوولا جەختیان لە دۆزینەوەی چارەسەرێك لەسەر بنەمای دیموكراسی و سیستمی فیدراڵی كردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ