رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی شاری هەولێر بە فێڵ زیاتر لە 600 هەزار دۆلاری لە هاووڵاتییان وەرگرتووە و گوتوویەتی، پارەکەتان لە بانکێک دادەنێم و مانگانە سوویەکی زۆرتان پێدەدرێت، بەڵام لە داوی پۆلیس رزگاری نەبوو و "لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا دەستگیرکرا."
رۆژی سێشەممە 19-4-2022، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەواڵی دەستگیرکردنی دوو باندی فێڵکردن و دزی راگەیاند کە لەنێو گیراوەکاندا دایک و کوڕێکیش هەن.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، "تاوانبارێکمان دەستگیرکردووە، 600 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە بەو بیانووەی پارەکە لە یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی دەخاتە بانکەوە و هاووڵاتییان مانگانە سووی پارەکە وەردەگرن."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، "دوای ئەوەی هیچ یەک لەو هاووڵاتییانە مانگانە سووی پارەکەیان پێ نەدرا، ئاگادار کراینەوە و پۆلیسی هەولێر لێکۆڵینەوەی لە کەیسەکە دەستپێکرد، لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان یەک تاوانبار لەناو شاری هەولێر دەستگیر بکەین."
ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەوانە باندێکی پێنج کەسین و تەنیا کەسێکیان لەنێو شاری هەولێرە، ئەوانی دیکە لە شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق و دەرەوەی عێراقن."
لەبارەی ناسنامەی کەسە دەستگیرکراوەکە، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، لەنێو شاری هەولێر نیشتەجێیە و ئەو کاتەی گیرا، خەریکی حەواڵەکردنی پارەی خەڵک بوو."
هۆگر عەزیز راشیدەگەیێنێت، "بەپێی ئەو بەڵگانەی لە تاوانبارەکە گیراوە، ئەو کەسە زیاتر لە 600 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە هەولێرەوە بۆ دەرەوەی عێراق حەواڵە کردووە."
هاوکات، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هەواڵی دەستگیرکردنی باندێکی چوار کەسیشی راگەیاند کە بە بڕی 140 هەزار دۆلار کەلوپەلیان لە کۆگایەک دزیوە و لەنێو باندەکە دایک و کوڕێک هەن.
هۆگر عەزیز ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو باندە کۆگایەکی جلوبەرگ و پێداویستی سەربازییان بڕیوە و رۆژانە چەندین پارچە کەلوپەلیان لێدەرهێناوە و لە رێگەی دایکەکەوە لەنێو بازاڕەکانی هەولێر ساخیان کردووەتەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دووپاتی دەکاتەوە، "دوای لێکۆڵینەوە، زانیمان بە بەهای 140 هەزار دۆلار کەلوپەلیان لەو کۆگایە بردووە، کوڕەکان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 19 ساڵانە و دایکی یەک لە کوڕەکانیشیان لەگەڵ دەستگیرکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ