رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە 7 ملیار دینار بۆ پاڵپشتیکردنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان؛ بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، زیاتر لە 5 ملیار دیناری پارەکە بۆ دەرماڵەی خوێندکارانە.
رۆژی دووشەممە 19ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە 7 ملیار دینار بۆ پاڵپشتیکردنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێش دوو هەفتە وەزیری خوێندنی باڵا نووسراوی بۆ سەرۆکوەزیران کردووە و داوای کردووە هاوشێوەی دوو ساڵی پێشتر بۆ خوێندنی ساڵی 2023 - 2024 بڕی 7 ملیار و 250 هەزار دینار بۆ پاڵپشتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخانبکات و ئەویش رەزامەندی پیشانداوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان: مەسرور بارزانی رەزامەندیی دا لەسەر بەردەوامبوونی خەرجکردنی 7.25 ملیار دیناری مانگانە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان pic.twitter.com/mUlYbgOYrQ
— Rudaw (@Rudawkurdish) June 19, 2023
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، 5 ملیار و نزیکەی 200 ملیۆن دیناری بۆ دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانە و ئەوەی دیکەش بۆ چاکسازی و خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکانە.
دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021دا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان، ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی رێنوێنیی ژمارە 58ی دارایی ساڵی 2008 بڕیاریدا بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 زیاتر لە شەش ملیار دینار وەکو هاوکاریی مانگانە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان خەرج بکات.
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی ناوشار و 60 هەزار دیناریش بۆ قوتابییانی دەرەوەی شار. بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، نزیكەی 130 هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ