خوێندنی باڵا: پرۆسەی گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە ئۆنلاین دەستپێدەکات

19-07-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە سبەینێ چوارشەممەوە، پرۆسەی "گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران" بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە ئۆنلاین دەستپێدەکات.
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، لە چوارچێوەى ئاسانکارى و پێشکێشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە شێوازى ئۆنلاین بۆ خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى گواستنەوە و دابەزین لەنێوان زانکۆکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەڕێگەى وێبسایتى (www.mhe-studentaffairs.com) پرۆسەى گواستنەوە و دابەزینى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (2022 - 2023) رادەگەیێنێت کە لە چوارشەممە 20-07-2022ەوە پلاتفۆڕمەکە چالاک دەبێت.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، بە مەبەستى ئاسانکارى بۆ خوێندکاران و قوتابیان و لە درێژەى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ بەئەلیکترۆنى کردنى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان، ماوەى سێ ساڵە لەلایەن فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و ناوەندى وەرگرتن و بە هاوکارى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنلاین و لەڕێگەى پلاتفۆرمى تایبەت بە گواستنەوە و دابەزین ئەنجام دەدرێت.
 
هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "پێویست ناکات هیچ قوتابییەک سەردانى وەزارەت و زانکۆکان بکات بۆ ئەم پرۆسەیە. پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران و قوتابیان لە 20-07-2022 دەستپێدەکات تاوەکو 30-08-2022."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە